یەكگرتوو: بەردەوام دەبین لە هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانیی

2025-05-12  212 جار خوێنراوەتەوە

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایگەیاند، جەخت دەكەنەوە لەسەر گرنگی پێكهێنانی هاوپەیمانی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن و ناڕازیەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق و سەركەوتنی ئەو هاوپەیمانیەتیە لەپێناو هێنانەدی گۆڕانكاری ئیجابی لە هەرێمی كوردستان، دەشڵێت، "پێشوازی لە بڕیاری پەكەكە بۆ وازهێنانی لە خەباتی چەكداری و بەشداریكردنی خەباتی مەدەنی و سیاسی لە توركیا دەكەین". 

مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو، ئەمڕو دوشەممە بە سەرۆكایەتی سەڵاحەدین بەهائەدین ئەمینداری گشتی لەشاری هەولێر كۆبوەوە و بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی كۆبونەوە، تیشك خرایە سەربارودۆخی هەرێم و عێراق و ناوچەكە و گۆڕانكاری و پێشهاتەكان. هەروەها  گوێگیرا لە ڕاپۆرتی لیژنەی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن و ناڕازیەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق.

ئاماژەی بەوەشكرد، دوای گفتوگۆكردن بریاردرا كە لیژنەكە بەردەوامبێت لە هەوڵ و كۆبونەوەكانی لەگەڵ لایەنەكانی دیكە بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانییەتەكە و دروستكردنی لیستێكی فراوان بۆ هەڵبژاردنەكە. كۆبونەوە جەختیكردەوە لەسەر گرنگی سەركەوتنی ئەو هاوپەیمانیەتیە لەپێناو هێنانەدی گۆڕانكاری ئیجابی لە هەرێمی كوردستان.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، مەكتەبی سیاسی پێشوازیكرد لە ڕاگەیەنداراوی كۆتایی كۆنگرەی 12ی پەكەكەو وازهێنانی لە خەباتی چەكداری و بەشداریكردنی خەباتی مەدەنی و سیاسی لە توركیا لەچوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی، بەهەمان شێوە مەكتەبی سیاسی جەختی كردەوە لەئامادەیی یەكگرتو بۆ درێژەدان بە ڕۆڵی ئاشتیخوازی لەو بوارەدا.

یەكگرتو جەختی لەسەر هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی و كاراكردنی پەرلەمانی كوردستان كردوە دەڵێت، "بەداخەوە دوای تێپەڕبونی شەش مانگ بەسەر ئەوهەڵبژاردنە تا ئێستا بەكارنەبوەو و پەكخراوە". هەروەها نیگەرانی خۆی دەربڕی لە بەردەوامبونی دیاردەی دواكەوتنی موچە و داوادەكات هەرچی زوترە ئەو موچە دابەش بكرێن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە