کۆکە و پەتای وەرزی چۆن چارەسەر دەکڕێن؟
10 خولەک پێش ئێستا
14 جار خوێنراوەتەوە
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی منداڵان هۆشداری دەداتە دایکان و باوکان لە بەکارهێنانی هەردوو شرووبی دیکسۆن و پرێدنیزۆلۆن بۆ منداڵان و ڕایدەگەیێنێت کە ئەمانە شرووبی کۆکە نین، بەڵکو کارەساتی گەورەی سەر ژیانی منداڵن لە داهاتوودا.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتا و کۆکەی وەرزیی سەرمادا، بەشێک لە دایکان و باوکان بۆ وەستاندنی خێرای کۆکەی منداڵەکانیان پەنا بۆ بەکارهێنانی شرووبەکانی دیکسۆن و پرێدنیزۆلۆن دەبەن کە بە ئاسانی و نرخێکی کەم لە بازاڕەکاندا بەردەستن؛ بەڵام پزیشکانی پسپۆڕ هۆشداری لە مەترسییە درێژخایەنەکانی ئەم دوو دەرمانە دەدەن.
د. پشدەر عەبدوڵڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان، بە ٧ڕۆژی ڕاگەیاند: ئەوە بۆمبێکە لە ناو جەستەی منداڵ دەچێنرێت و پەیوەندییان بە چارەسەری کۆکەوە نییە وەکوو ئەوەی زۆربەی خەڵک لێی تێ گەیشتوون.
د. پشدەر عەبدوڵڵا ڕوونیکردەوە کە زۆر جار دایک و باوک پێیان وایە کاتێک کۆکەی منداڵەکەیان بەم دوو شرووبە بەخێرایی دەوەستێت، ئەوە چارەسەرێکی سەرکەوتووە؛ لە کاتێکدا ئەو کۆکە و پەتای وەرزی سەرمایە لە هەموو دنیادا هەن و بە تەواوبوونی ڤایرۆسەکە خۆیان لە جەستەدا نامێنن و پێویستیان بە چارەسەری توند نییە، کەچی لە کوردستان بە ئاسانی و بە نرخێکی کەم بەردەستن و خەڵک وا دەزانن خێرا چاکبوونەوە واتە چارەسەر.
بەپێی وتەکانی ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی منداڵان، بەکارهێنانی ئەو دوو شرووبە بۆ منداڵ لە داهاتوودا بەرگریی لەشی منداڵەکە ناهێڵێت؛ هەرچەندە کۆکەکە بۆ چەند ڕۆژێک دەوەستێت، بەڵام دواتر بە هەوکردنێکی قورستر دەگەڕێتەوە. هاوکات ئێسک دەپووکێنێتەوە و ڕێگری دەکات باڵای منداڵ وەک هاوتەمەنەکانی گەشە بکات، هەروەها ئەگەری تووشبوون بە شەکرە و فشاری خوێن (زەخت) لە تەمەنی بچووکدا، کاریگەریی دەروونی، نەخۆشییەکانی دڵ و ئاوی سپیی لێ دەکەوێتەوە.
|