لەبارەی وەرگرتنی چەک لە پ*ک*ک هەواڵگریی عێراق، کوردستان و تورکیا کۆدەبنەوە

4   کاتژمێر پێش ئێستا  38 جار خوێنراوەتەوە

وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، چاویان لە جێبەجێکردنی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و دانانی چەکە لەلایەن ئەو هێزەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، عێراق لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە سوودمەند دەبێت، بەهۆی ئەوەی هیچ بیانوویەک بۆ تورکیا نامێنێت سوپاکەی لەنێو باشووی کوردستان بهێڵێتەوە.
 
باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لەبارەی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە وتی، نەوەک ئێستا، بەڵکو لە مانگی شوباتیشدا پێشوازییان لە پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد. ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێستاش پێشوازی لەم دەستپێشخەرییە بۆ هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە دەکات."
 
عەوادی راشیگەیاند، عێراق لە چوارچێوەی رێککەوتنە ئەمنییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، ئامادەیە هەر جۆرە هاوئاهەنگییەک بۆ وەرگرتنی چەک لە دەستی پەکەکە بکات، ئەگەر بۆ ئەو مەبەست رابسپێردرێت. گوتیشی، "هەمان ئەو میکانیزمانەی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێران لە نێوخۆی عێراق کردمان، لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیاش دەیکەین، بە مەرجی هاوکاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی."
 
وتەبێژەکەی حکومەتی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، رێگرییان لە پەکەکە کردووە لەوەی خاکی وڵاتەکەیان بکاتە سەرچاوەی هێرش و هەڕەشە دژی تورکیا. باسی لەوەش کرد، "بەهۆی بوونی پەکەکە، هێزە سەربازییەکانی سوپای تورکیا سەربازگە و خاڵی سەربازیی جیاوازیان لە هەندێک ناوچەی باکووری عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە. ئەگەر رێککەوتن بە دروستی بکرێت، بە دڵنیاییەوە ئەو رێککەوتنە هاندەر و هاوکار دەبێت بۆ کشانەوەی تەواوی هەموو ئەو هێزە بیانییانەی لە باکووری عێراق و خاکی هەرێمی کوردستان هەن."
 
سەبارەت بە میکانیزمی وەرگرتنی چەک لە پەکەکە، عەوادی وتی، تائێستا لەسەر هیچ جۆرە میکانیزمێک رێکنەکەوتوون و بە پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "هەواڵگریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، عێراق و تورکیا کۆدەبنەوە و لەسەر میکانیزمێکی هاوبەش رێکدەکەون و بڕیاری جێبەجێکردنی دەدەن."
 
رۆژی 12ـی ئایاری 2025، سەرۆکایەتیی دیوانی 12ـەمین کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەنجامی کۆتایی کۆنگرەکەی بە راگەیێندراوێک بڵاوکردەوە. خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری راگەیاند.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە