وەزارەتی دارایی 50 ملیار دیناری بۆ بەغدا نارد

2025-05-22  306 جار خوێنراوەتەوە

بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ.و بەرپرسێکی حکومەتیش دەڵیت هەوڵ هەیە پێش جەژن مووچە دابەش بکرێت. 

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22-05-2025، بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی نیسانی ئەمساڵ، کە بڕەکەی 50 ملیار و 522 ملیۆن و 750 هەزار دینارە، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ، لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. 

 مانگێک لەمەوبەر (22-4-2025) و بە هەمان مەبەستی ناردنی مووچە لە بەغداوە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 48 ملیار و 205 ملیۆن و 765 هەزار دینارییان لە داهاتی نانەوتیی مانگی ئادار بۆ بەغدا ناردووە و لیستی مووچەی مانگی نیسانیشیان رادەست کردوون.

دواتر و لە 13ی ئایار، بەغدا پارەی مووچەی نیسانی نارد. هەر ئەو رۆژە لیستی مووچەی مانگی نیسان راگەیێندرا و لە سێ رۆژدا مووچە دابەش کرا.

هاوکات رۆژی یەکشەممە 2025/5/18، وتەبێژی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم بڵاویکردەوە ئەم هەفتەیە وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی مانگی پێنج بەشێوەی پەیڕۆڵ ئامادەدەکات و رەوانەی بەغدای دەکات.
سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاند،"هەوڵ هەیە پێش جەژنی قوربان مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەران دابەش بکرێت.

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە