لامین یاریزانێکی دەوێت کە لاپۆرتا و فلیک نایانەوێت

6   کاتژمێر پێش ئێستا  31 جار خوێنراوەتەوە

سەرەڕای ئەوەی خوان لاپۆرتا و هانزی فلیک بڕیاریان داوە گرێبەست لەگەڵ یاریزانێک نەکەن، بەڵام لامین یامال سوورە لەسەر ئەوەی کە دەبێت بیهێننە بارسێلۆنا.
 
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی ئێل ناسیۆناڵی ئیسپانی، لامین یامالی ئەستێرەی بارسێلۆنا نەک هەر کاریگەرییەکی سەرنجڕاکێشی لەسەر یاریگا دروستکردووە، بەڵکو لە دەرەوەی یاریگاش قسەی دەڕوات و خاوەنی بڕیارە. 
 
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات، لامین سوورە لەسەر ئەوەی کە دەبێت بارسێلۆنا گرێبەست لەگەڵ نیکۆ ویلیامزی هاوڕێی لە هەڵبژاردەی ئیسپانیا بکات، کە یاریزانی یانەی ئاتلێتیک بیلباوە.
 
یاریزانە باڵە لاوەکە دوای ئەوەی ئاگاداری خواستی یانەکەی بوو بۆ بەهێزکردنی پێکهاتەی هێرشبەری بۆ وەرزی داهاتوو، کە نیکۆ ویلیامز لە پلانەکەیاندا نییە، یانەکەی لەوە ئاگادارکردووەتەوە کە دەبێت نیکۆ بخەنە نێو پلانەکە، چونکە ئەو پێیوایە بەبوونی یاریزانێکی وەک نیکۆ دەتوانن وەرزی داهاتوو رکابەری لەسەر هەموو نازناوەکان بکەن، بە چامپیۆنزلیگیشەوە.
 
یامال هێرشبەرەکەی ئاتلێتیک بیلباو بە بژاردەیەکی نموونەیی بۆ پێگەی باڵی چەپ دەزانێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە تێگەیشتنێکی بەهێزیان لە یاریگادا هەیە، لە کاتی یاریکردنیان بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا. 
 
پەیوەندی بەهێزی نێوان ئەو دووانە، چ لەسەر ئاستی وەرزشی و چ لەسەر ئاستی کەسی، وایکردووە سەرەڕای تەمەنی بچووکیان دوو یاریزانی سەرەکی و هەرە کاریگەری پێکهاتەی هەڵبژاردەی نیشتمانییان بن.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی ئێل ناسیۆناڵی ئیسپانی، لامین بۆچوونی خۆی بۆ کارگێڕیی وەرزشیی یانەی بارسێلۆنا روونکردووەتەوە و دووپاتیکردووەتەوە کە نیکۆ دەبێت بژاردەی یەکەمی بێت، هەرچەندە کارگێڕیی بارسا سەرسامە بە یاریزانانی دیکەی وەک مارکوس راشفۆرد و لویس دیاز، بەڵام لامین پێیوایە خێرایی و توانای بڕین و تێگەیشتنی بەهێزی نێوانیان وادەکات گونجاوترین بێت لەگەڵ شێوازی تیپەکە و شێوازی کەسیی خۆی.
 
تاوەکو ئێستا بارسێلۆنا بەفەرمی داوای نیکۆ ویلیامز نەکردووە، بەڵام یانەکە ئاگادارە کە یاریزانەکە بەگرێبەستێکەوە پابەندە کە بڕگەی ئازادکردنی هەیە، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی تواناکانی بە بەربەستێکی بەرچاو نازانێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش دیارترین ئاستەنگ لەبەردەم تەواوکردنی گرێبەستەکەدا دۆخی خراپی دارایی یانەکەیە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە