دۆناڵد ترەمپ مۆڵەتی دوو هەفتەیی دەداتە ئێران
11 کاتژمێر پێش ئێستا
35 جار خوێنراوەتەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەم دوو هەفتەیەدا بڕیار لەسەر ئەوە دەدات کە ئایا بەشداری لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکات یان نا، چونکە هێشتا "دەرفەتێکی باش" بۆ دانوستاندن و کۆتاییهێنان بە ململانێکە هەیە.
کارۆلاین لێڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی پەیامێکی ترەمپی خوێندەوە و رایگەیاند، "مشتومڕێکی زۆر" هەبووە لەبارەی ئەوەی ئایا ئەمریکا "راستەوخۆ" بەشداری لە ململانێکەدا دەکات یان نا.
ترەمپ لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "لەبەرئەوەی دەرفەتێکی باش بۆ دانوستاندن هەیە، کە رەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ ئێران بکرێن یان نەکرێن، لەم دوو هەفتەیەدا بڕیاری خۆم دەدەم کە ئایا بچینە نێو جەنگەوە یان نا."
پێشبینی دەکرێت ئەم راگەیێندراوە ببێتە هۆی ئارامکردنەوەی دۆخەکە و رێگە بۆ دیپلۆماسی خۆش بکات، ئەمەش دوای یەک هەفتەی پڕ لە گرژی دێت، کە گەیشتە ئەو رادەیەی ترەمپ هەڕەشەی کوشتن لە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بکات.
ترەمپ پێداگرە لەسەر ئەوەی نابێت هەرگیز تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
لێڤیت بە رۆژنامەاونانی رایگەیاند، "هەرگیز هێندەی ئێستا ئێران لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نزیک نەبووە." گوتیشی، ئەگەر خامنەیی بڕیار بدات، ئێران دەتوانێت لە ماوەی "دوو هەفتە"دا چەکی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت.
وتەبێژی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێران هەموو ئەو شتانەی هەیە کە بۆ بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی پێویستن. تاکە شت پێویستیان بێت، بڕیاری رێبەری باڵایە بۆئەوەی ئەو کارە بکەن. ئەو کات تەنیا دوو هەفتەیان پێویست دەبێت بۆئەوەی بەرهەمهێنانی ئەو چەکە تەواو بکەن."
رۆژی چوارشەممە، ترەمپ رایگەیاندبوو کە ئێران داوای کردووە بەرپرسەکانی بنێرێتە کۆشکی سپی بۆ دانوستاندن لەسەر رێککەوتنێک سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و کۆتاییهێنان بە ململانێی لەگەڵ ئیسرائیل؛ بەڵام ئێران ئەو هەواڵەی رەتکردەوە.
لێڤیت ئامادە نەبوو وردەکاریی ئەوە بدات کە چی وای لە ترەمپ کردووە باوەڕی وابێت دانوستاندن لەگەڵ ئێراندا بکرێت، بەڵام رەتیکردەوە ترەمپ لە بڕیاری بەکارهێنانی هێز دوودڵ بێت، گوتیشی، "ئەگەر هەلێک بۆ دیپلۆماسی هەبێت، سەرۆک هەمیشە دەیقۆزێتەوە، بەڵام لە بەکارهێنانی هێزیش ناترسێت."
وتەبێژەکە، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو راپۆرتانەی باس لەوە دەکەن ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندیدا بووە، وتی، "پەیوەندی لەنێوان واشنتن و تاراندا بەردەوام بووە."
|