زانیاریی نوێ لەسەر تەقینەوەکەی هەڵەبجە

6   کاتژمێر پێش ئێستا  267 جار خوێنراوەتەوە

بەهۆی تەقینەوەیەک لە گوندێکی سنووری پارێزگای هەڵەبجە، ژمارەیەک هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون. پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: "خەریکی لێکۆڵینەوەین، ئەگەر دەرکەوت بە نایاسایی راویان کردووە، سزادەدرێن".

ئاکام محەمەد، وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە بەمیدیاکانی ڕاگەیاند: "لە گوندی سازان لە پارێزگای هەڵەبجە تەقینەوەیەک روویدا، ئەوەی تەقیوەتەوە تی ئێن تی بووە، ئەوەی بە ئێمە گوتراوە، کە بۆ راوە ماسی بەکاریانهێناوە بە گوێرەی زانیاریی سەرەتایی، سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و چواریش بریندارن، بەڵام ئەوە ئاماری کۆتایی نییە".

 هاوکات فوئاد زراری، وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "راوکردن بە تەزووی کارەبا و تەقەمەنی، تەنانەت ماسی بچووکیش بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە، بەڵام لە ماوەی سێ رۆژدا چەند حاڵەت روویداوە، تەنانەت گەنجێک لەسەر رووباری باڵەکایەتی موەلیدەی بەکارهێناوە، بەڵام کاتێک کارەبای لە ئاو داوە، تەزووی کارەبا لێی داوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە."
 
فوئاد زراری لەبارەی تەقینەوەکەی هەڵەبجە دەڵێت: "کەسوکاری بریندارەکان رەتیدەکەنەوە کە تی ئێن تییەکە لای ئەوان بووبێت، دەڵێن پێیاندا تەقیوەتەوە، بەڵام لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستی پێکردووە، ئەگەر دەرکەوت بەهۆی راوی نایاساییەوە بووە، ئەوکات بە پێبژاردن یان بەندکردن سزا دەدرێن".
 
بە وتەی فوئاد زراری، بەپێی یاسای ژمارە 8ـی ساڵی 2008، لە یاسای پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان سزادەدرێن، بە بەندکردن لە مانگێک کەمتر نەبێت، یان پێبژاردن لە 150 هەزار کەمتر نەبێت و 200 ملیۆن زیاتر نەبێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە