بژاردەکانی هەرێمی کوردستان بەرانبەر بەغدا چین؟

20   کاتژمێر پێش ئێستا  224 جار خوێنراوەتەوە

هێشتا دیار نیە چارەنووسی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بە کوێ دەگات، هەرێمی کوردستان لە بەرانبەر رەوانە نەکردنی مووچە چ بژاردەیەکی بەرانبەر بەغدا دەبێت.

یەکێک لەو هەنگاوانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشێک لە سیاسییەکان باسی دەکەن، گرتنەوەی ئاوی بەنداوەکانی هەرێمە لە بەغدا.

هەرێمی کوردستان دوو بەنداوی گەورەی دوکان و دەربەندیخانی هەیە ئاوەکانی ئەم بەنداوانە لە رێگەی رێڕەوە ئاوییەکانەوە دەچنە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.

بە گرتنەوەی ئەم ئاوانە کاریگەری گەورە لەسەر دانیشتوانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دروست دەبێت بە تایبەت ئەمساڵ عێراق دەست و پەنجە لەگەڵ وشکەساڵییەکی سەخت نەرم دەکات.

جگە لە بژاردەی ئاو، ٧٠٠ مێگاوات کارەبای رۆژانە لە هەرێمەوە بۆ عێراق دابین دەکرێت ئەم کارەبایە لە رێگەی کۆمپانیاکانی پارتی و یەکێتییەوە دابین دەکرێت.

هەرچەندە لەم رۆژانە دەنگۆی بڕینی ئەو کارەبایە لە بەشێک لە میدیاکانی نزیک لە پارتیەوە بڵاوبوویەوە بەڵام وەزارەتی کارەبا ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و جەختی لەوەکردەوە کە پێدانی کارەبا بە عێراق بەردەوامە.

فشارە دەرەکییەکان بۆ سەر بەغدا یەکێکە لەو بژاردانەی کە حکوومەتی هەرێم پەنای بۆ بردووە، لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاردرا لە رێگەی نامەیەکەوە تەواوی نوێنەرایەتییەکانی وڵاتان لە هەرێم لەو پرسە ئاگادار بکرێنەوە.

هەر ئەمڕۆش حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق هەنگاوێکی هاوشێوەی بەرانبەر بە هەرێم گرتە بەر و لەگەڵ نوێنەرایەتی وڵاتانی کۆبوویەوە و تەواوی هۆکارەکانی راگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی خستە ئەستۆی هەولێر.

پرسی راگرتنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق، دوایین بژاردەی دەستی هەرێمە کە بەرانبەر بەغدا بیگرێتە بەر، ئەمڕۆ شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان جەختی لەوە کردەوە گەر کێشەی مووچە چارەسەر نەکرێت ئەوا کۆبوونەوەکانی پەرلەمان پەک دەخەن رێژەی یاسایی تەواو ناکەن.

هەرچەندە پێشتر باس لە کشانەوەی کورد لە پرۆسەی سیاسی عێراق دەکرا، بەڵام دیار نیە ئەو هەنگاوە دەستی بۆ دەبرێت یان نا.

پێش ئەوەی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە ببڕدرێت، مەسعود بارزانی لە وتارێکدا رایگەیاند چیتر قبوڵ ناکەن کێشە بۆ مووچەی فەرمانبەران دروست بکرێت.

ئەم هەڕەشەیەی مەسعود بارزانی بەوە لێکدرایەوە کە ئەگەر کێشە بۆ مووچە دروست بکرێت کورد لە پڕۆسەی سیاسی عێراق دەکشێتەوە بەڵام تا ئێستا دیار نیە دەست بۆ ئەو هەنگاوە دەبات یان نا.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە