یەکڕیزییەکەی پارتی و یەکێتی حکومەت پێکدەهێنێت؟
2025-07-25
395 جار خوێنراوەتەوە
پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم چی لێهات؟
پارتی و یەکێتی ماوەی چەند مانگێکە نزیکبوونەوە لە نێوانیان دروستبووە و شەڕی میدیاییان نەماوە، بە جۆرێک بووەتە هۆی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی لوتکەی هەردوولا بەڵام هێشتا دیار نیە ئەم نزیککەوتنەوەیە دەبێتە هۆی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت.
نزیک ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕبووە بەڵام تا ئێستا پارتی و یەکێتی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی نێوانیان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
هەرچەندە پێشتر چەند جارێک زانیاری رێککەوتنی کۆتایی لەسەر پۆستەکان بڵاوبوویەوە بەڵام تا ئێستا کابینەکە پێک نەهاتووە.
ئەو دوو حیزبە مێژوویەکی کۆنیان لەگەڵ ناکۆکی و دواخستنی هەڵبژاردن و پێکهێنانی کابینەکانی حکوومەت هەیە، ئەوەش تەنیا بەهۆی پاراستنی پێگەو بەرژەوەندییەکانیانەوە بووە، دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نزیک بە سێ ساڵی خایاند تا ئەنجامیاندا.
لە نوێترین پێشهاتدا بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندی پارتی و یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی كابینهی حکومەت کۆببنهوه
بەرپرسێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان به ٧ڕۆژی راگەیاند، "لە کۆبوونەوەی رابردوودا، یەکێتی و پارتی بڕیاریان دابوو ئەم هەفتەیە کۆببنەوە."
بە گوێرەی سەرچاوەکەی ٧رۆژ فشارێکی زۆر لەسەر پارتی و یەکێتی دروستکراوە کە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کابینەکە پێکبهێنن.
سەعدی ئەحمەد پیرە دانی بەوەدا نا کە لەلایەن وڵاتانی زلهێزەوە داوایان لێ کراوە کە کابینەی حکوومەت هەرچی زووە پێکبهێنرێت.
بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی ٧رۆژ پارتی و یەکێتی خواستی ئەوەیان هەیە بە دواخستنی کۆبوونەوەکان پێکهێنانی کابینەکە بۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوابخەن.
ئامانج لە دواخستنی ئەوەیە دابەشکردنی پۆستەکانی بەغدا و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بکەنە یەک پاکێج.
بڕیارە مانگی یانزەی ئەمساڵ گەر هیچ پێشهاتێک نەیەتە ئاراوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.
|