عێراق بەرەو ڕووی قەیرانێکی سەختی دراوەکەی هەنگاو دەنێت

2025-07-25  743 جار خوێنراوەتەوە

حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق دەست و پەنجە لەگەڵ قەیرانێکی سەختدا نەرم دەکات کە سەرەتاکانی دەرکەوتوون و لەگەڵ گەیشتنی بە لوتکە، ئابووری وڵات ئیفلیج دەکات و حکوومەتیش دەستەوەستانە لە چارەسەر کردنی.

بەهۆی ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی لە سیستمی بانکیی عێراق هاتونەتە ئاراوە وایکردووە مامەڵەکردن بە کاش و بە دیاریکراوی دینار بەشێوەیەکی بەرچاو بەراورد بە ڕابردوو کەم بێتەوە.. ئەوەش بووەتە سەرچاوەی قەیرانێکی نوێی دراو لە عێراقدا.

حکوومەتی فیدڕاڵی بەهۆی کەمبوونەوەی نەختینەی دینار لە بانکەکانیدا کێشەی گەورەی بۆ دروستبووە بە تایبەت لە دابینکردنی پارەی پڕۆژەکان و مووچەی فەرمانبەرەکانی.

مانگی رابردوو بەهۆی کێشەی کەمی نەختینەی دینارەوە بەشێک لە وەزارەتەکانی حکوومەتی فیدڕاڵی دابەشکردنی مووچەیان دواکەوت، ئەم مانگەش بەهەمان شێوە بەشێک لە وەزارەتەکان دابەشکردنی مووچەی مانگی حەوتیان دواکەوتووە.

جیا لەوە رەوانەکردنی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێم کە نزیکەی ترلیۆنێک دینار بوو چەند ڕۆژێک دواخرا، لە کاتێکدا دوو رۆژبوولەلایەن سودانیەوە بڕیاری رەوانەکردنی دەرکربوو.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵ جەختی لەوەکردەوە لە پاڵ کێشەی سیاسیدا کەمی نەختینەی دینار هۆکاری درەنگخستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە.

بە گوێرەی لێکدانەوەی شارەزایان بەشێکی زۆری دراوی عێراقی لای هاووڵاتیان و بازرگانانەو بەهۆی نەبوونی متمانە بە سیستمی بانکی ئامادە نین بیخەنە ناو بانکەکانەوە کە بە زیاتر لە ١٥ ترلیۆن دینار مەزەندە دەکرێت.

ئەوەش وایکردووە دینار لە بازاڕدا کەمبێتەوە و ببێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ دابەزینی بەهای دۆلار.

ئەگەر بانکی ناوەندی عێراق بە خێرایی چارەسەرێک بۆ کێشەکە نەدۆزێتەوە دوور نیە حکوومەت دەستەوەستان بێت لە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرەکانی.

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە