لە عێراق و هەرێم 32 کەس بە تای خوێنبەربوون گیانیان لەدەستداوە
2025-08-11
293 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی تەندروستیی عێراق هۆشداری دەدات کە مەترسیی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون هێشتا کۆتایی نەهاتووە. ئاشکراشی کرد، ئەم ساڵ لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان 244 کەس تووشی نەخۆشییەکە بوون، کە 32 تووشبوویان گیانیان لەدەستداوە.
سامان یابە، وتەبێژی تەندروستیی کەرکووک بە میدیاکانی راگەیاند، لە سنوورەکەیان 9 تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆمار کراون، کە چواریان گیانیان لەدەستداوە.
هەرچەندە ماوەیەکە هیچ تووشبوویەکی نوێی نەخۆشییەکە لە کەرکووک تۆمار نەکراوە، بەڵام سامان یابە دەڵێت: "رێکارەکانی خۆپارێزی و چاودێری بەردەوامن و لیژنەکانمان بەردەوامن لە بەدواداچوونی مەیدانی."
بەپێی ئامارەکان، زۆرترین تووشبوو لە پارێزگای زیقار بووە کە 90 کەسە و 6 کەسیان گیانیان لەدەستداوە. ئاماری پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش بەمشێوەیەیە:
بەغدا: 38 تووشبوو، 6 گیانلەدەستدان
موسەننا: 23 تووشبوو، 2 گیانلەدەستدان
واست: 21 تووشبوو، 3 گیانلەدەستدان
پارێزگاکانی دیکە (بەسرە، میسان، نەینەوا، دیالە): 59 تووشبوو، 10 گیانلەدەستدان
سەبارەت بە ئامارەکانی هەرێمی کوردستان و کەرکووک، بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، 5 تووشبوو گیانیان لەدەستداوە. ئامارەکانیش بەمشێوەیەن:
کەرکووک: 9 تووشبوو، چوار گیانلەدەستدان
دهۆک: 3 تووشبوو، یەک گیانلەدەستدان
هەولێر: 2 تووشبوو، هیچ گیانلەدەستدانێک تۆمار نەکراوە
سلێمانی: 2 تووشبوو، هیچ گیانلەدەستدانێک تۆمار نەکراوە
|