بۆچی تووشبوانی شەکرە کێشی جەستەیان دادەبەزێت؟
2025-08-15
793 جار خوێنراوەتەوە
پزیشکی پسپۆری نەخۆشیەكانی هەناوی و شەکرە دەڵێت، دابەزینی کێش لە نەخۆشانی شەکرەدا دەگەرێتەوە بۆ چەند هۆکارێک لەوانەش زۆرجار بەهۆی چەند نەخۆشییەک ڕوودەدات لە کاتی درووستبوونی نەخۆشی شەکرە وەک نەخۆشیەکانی غودەی چالاک و نەخۆشیەکانی هەوکردن یان نەخۆشی گەنم و نەخۆشی رۆماتیزمە.
د. داهات حەوێزی پزیشکی پسپۆری نەخۆشیەكانی هەناوی و شەکرە و غودە لە نوسینێكدا ئاماژە بەوە دەكات بۆچی نەخۆشانی تووشبووی شەكرە كێشی جەستەیان دادەبەزێت .
دەقی نوسینەکەی:-
دابەزینی کێش لە نەخۆشانی شەکرەدا دەگەرێتەوە بۆ چەند هۆکارێک لەوانەش:–
یەكەم- نەبوونی ئەنسۆلینی پێویست یاخود نا چالاکی ئەم هۆڕمۆنە (ئەم حاڵەتە زیاتر لە شەکرەی جۆری یەک رووئەدات)، بە هۆی ئەمەش ئەندامەکانی جەستە ناتوانن شەکرەی ناو خوێن بەکاربهێنن و جەستە دەستدەکات بە تێکشکاندن و بەکارهێنانی چەوری و ماسولکەکان بۆ وەرگرتنی وزەی پێویست.
دووەم- دابەزینی کێش لە نەخۆشانی شەکرەی جۆری ٢ دەگەرێتەوە بۆ بەکارهێنانی چەند حەبێکی شەکرە وەک مێتفۆرمین یان چەند جۆرێکی تری حەبی شەکرە.
سێیەم- زۆرجار بەهۆی چەند نەخۆشییەک ڕوودەدات لە کاتی درووستبوونی نەخۆشی شەکرە وەک نەخۆشیەکانی غودەی چالاک و نەخۆشیەکانی هەوکردن یان نەخۆشی گەنم و نەخۆشی رۆماتیزمە.
چوارەم- ئەگەر کەم خوێنی و دابەزینی کێشی زۆر بەتایبەتی لە کەسانی جگەرەکێش پێویستە پشکنینی زیاتری بۆ بکرێ بۆ دڵنیا بوون لە نەخۆشی شێرپەنجە
پێنجەم- ئەو کەسانەی شەکرەکەیان بەرزە و بڕیار ئەدەن پارێزیەکی زۆر قورس و سەخت بکەن ئیتر هیچ شتێک نەخۆن لەپێناوی ئەوەی شەکرەکەیان کۆنتڕۆڵ بێت، لەوانەیە کێشی جەستەیان زۆر بە خراپی دابەزێت.
|