مەلابەختيار لەبارەی هێرشەکەی سەر لالەزار هاتە دەنگ
2025-09-14
127 جار خوێنراوەتەوە
مەلابەختيار لەبارەی هێرشەکەی سەر لالەزاری سلێمانی دەڵێت بەشێك نیم لەوەی لە سلێمانی روویداو رەتیشیدەكەمەوە جەختی لەوەشکردەوە لە (5 بۆ 10) ساڵی داهاتوو شتێك نامێنێت لە كوردستان و عێراق و ناوچەكەش، بەناوی گروپى چەكداری كۆنتڕۆڵنەكراو.
مەلابەختیار سیاسەتمەداری دیاری کوردستان ، لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسی دیموكراسی كە لە بەغدادی پایتەخت بەڕێوەدەچێت وتی: لەناو عێراق دەوڵەتی قووڵ هەیە، عێراق هێزی چەكداری گەورەتری هەیە لە كوردستان، هەندێك رووداومان بینینى لە بەغداد روویانداوە لە كوردستانیش روویانداوە، پێویستە هێزی چەكدار شەرعی بێت و دەستور جێبەجێبكات و بیپارێزێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی ( 5 بۆ10) ساڵی داهاتوودا شتێك نامێنێت بەناوی هێزی چەكدارو گروپی چەكدار لە عێراق و كوردستان، و نابێت هیچ هێزێك بمێنێتەوەو ناشمێنێتەوە.
مەلابەخیتار راشیگەیاند: دڵنیاتان دەكەمەوە، نە لە عێراق و نە لە كوردستان و نە لە ناوچەكەش گروپە چەكدارە كۆنتڕۆڵنەكراوەكان نامێننەوە، بەوپێیەی بووەتە هۆی ئەوەی كێشەیەكی ئێجگار گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووبدات، ئەمانە حاڵەتێكی تەندروست بوون بۆ ئەوەی دەوڵەت و دامەزراوە پێكبهێنرێت، ئەوە دۆخێكی تایبەت و راگوزەر بوو كە تێمان پەڕاند.
جەختی لەوەشکردەوە: بەهیچ شێوەیەك بەشێك نیە لە دۆخێكی سەربازی نەخوازراو نە لە كوردستان و نە لە سلێمانی ئەگەر روویدابێت و بەهەموو شێوەیەكیش رەتیدەكەمەوە، هیواشی خواست ئەوەی لە سلێمانی روویدا لە هیچ ناوچەیەكی تری عێراق روونەداتەوە.
مەلابەختیار لە درێژەی قسەكانیدا وتی: هێزی چەكداری لۆكاڵی و حزبی زیان بە دیموكراسی و زیان بە هاوڵاتیان و ئازادییەكانی هاوڵاتیان دەگەیەنن، بەهیچ شێوەیەكی ئەمە دۆخێكی دروست نییە.
|