ترەمپ دوا مۆڵەت دەداتە حەماس و هۆشداری توند دەدات
2025-10-03
94 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکی ئەمریکا دوا مۆڵەتی دایە بزووتنەوەی حەماس و رایگەیاند، دەبێت تاوەکو کاتژمێر06:00ی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە بە کاتی واشنتن، واتە 01:00ی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە بەکاتی هەولێر و غەززە، بە رێککەوتن رازی ببێت، ئەگەرنا رووبەڕووی "دۆزەخێک" دەبنەوە کە "کەس پێشتر وێنەی نەبینیوە."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ، ئاماژەی بەوە کردووە، "وڵاتە گەورە و بەهێز و دەوڵەمەندەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" و وڵاتانی دیکە، لەگەڵ ئەمریکادا رێککەوتوون، ئیسرائیلیش واژۆی لەسەر پلانەکەی کردووە بۆئەوەی "دوای 3000 ساڵ، ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" بەدیبێت.
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئەم رێککەوتنە دەرفەتێکە بۆ حەماس، "ژیانی هەموو چەکدارە ماوەکانی حەماسیش دەپارێزێت! وردەکاریی بەڵگەنامەکە بۆ جیهان ئاشکرایە و بۆ هەموو لایەک رێککەوتنێکی نایابە!"
ترەمپ وەک مەرجێکی سەرەکی داوای کردووە، "دەستبەجێ هەموو بارمتەکان ئازاد بکەن، هەموویان، تەنانەت تەرمی ئەوانەشی مردوون."
سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشە دەکات و دەڵێت، "ئەگەر ئەم رێککەوتنە، کە کۆتا دەرفەتە، ئەنجام نەدرێت؛ دۆزەخێکی تەواو، بە شێوەیەک کە کەس پێشتر وێنەی نەبینیوە، بەسەر حەماسدا دەکرێتەوە."
بە وتەی ترەمپ، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 25 هەزار "سەربازی" حەماس کوژراون، زۆربەی ئەوانەی ماونەتەوە "گەمارۆ دراون و لەڕووی سەربازییەوە ئابڵوقە دراون،" سوپای ئیسرائیلیش تەنیا چاوەڕێی فەرمانی ئەوە، بۆئەوەی "ژیانیان بە خێرایی کۆتایی پێبهێنێت."
هاوکات، ترەمپ داوا لە "هەموو فەلەستینییە بێتاوانەکان" دەکات، دەستبەجێ ئەو ناوچانە چۆڵ بکەن کە ئەگەری هەیە لە داهاتوودا ببنە شوێنی مەرگ و بچنە بەشە ئارامترەکانی غەززە، "هەمووان بە باشی چاودێری دەکرێن لەلایەن ئەوانەی چاوەڕێن یارمەتی بدەن."
سەرۆکی ئەمریکا پۆستەکەی بەم رستەیە کۆتایی پێهێناوە، "بە هەر رێگەیەک بێت، ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا بەرقەرار دەبێت."
|