کاریگەری پیسبوونی هەوا لەسەر تەندروستی دڵ و مێشک
2025-10-06
200 جار خوێنراوەتەوە
بۆ یەکەمین جار توێژەران توانیویانە بەڵگەی زانستییان بەدەستبکەوێت دەربارەی کاریگەری ڕاستەوخۆی پیسبوونی هەوا لەسەر تەندروستی مرۆڤ لە ڕێگەی بەدواداچوونێکی زانستی لەسەر دەنکۆڵەکانی نێو هەوا.
لە دەرەنجامی توێژینەوەکاندا دەرکەوتووە دەنکۆڵە پیسبووەکانی نێو ژینگەی دەرەوە دەکرێت بە خڕۆکە سوورەکانی خوێندا بنووسێن و پاشان بە خوێندا بگوازرێنەوە بۆ تەواوی ئەندامەکانی جەستە، ئەمەش بەدەرنییە لە مەترسی و مرۆڤ دووچاری چەندین کێشەی تەندروستی دەکاتەوە.
نوێترین توێژینەوە کە ئەنجامدراوە لە لایەن زانکۆی Queen Mary لە لەندەن کاریگەرییە مەترسیدارەکانی دەنکۆڵە پیسبووەکانی هەوا لەسەر تەندروستی مرۆڤ ئاشکرادەکات، ئەم تاقیکردنەوە زانستییە لەسەر12 خۆبەخش ئەنجامدراوە، بەجۆرێک داوا لە بەشداربووەکان کراوە کە جووڵە بکەن لە نێوان ئۆفیسێکی داخراو و ژینگەی پیسبووی شەقامەکان تاوەکو بتوانرێت لە ڕێگەی ئامێرەکانی تایبەتمەندی دیاریکردنی ڕێژەی پیسبوون هەڵسەنگاندن بۆ کاریگەری دەنکۆڵەکانی هەوا ئەنجامبدرێت.
دەرەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە ئاشکرایکردووە ڕێژەی دەنکۆڵەی پیسبووی لە نزیک شەقامە جەنجاڵەکان نزیکەی پێنج هێندەیە بە بەراورد لەگەڵ هەوای نێو باڵەخانەکان، ئەم دەرەنجامەش هاوکاتە لەگەڵ ئەنجامی پشکنینی خوێنی بەشداربووەکان کە ژمارەیەکی بەرچاو لە دەنکۆڵە پیسبووەکان بە خڕۆکە سوورەکانەوە لکاون.
|