ئەم مانگە شەقامی 100 مەتری سلێمانی بەڕووی شۆفێراندا دەکرێتەوە

4   کاتژمێر پێش ئێستا  31 جار خوێنراوەتەوە

بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان کە جێبەجێکردنی شەقامی 100 مەتری سلێمانییان لە ئەستۆدایە، دەڵێت، کۆتایی ئەم مانگە 85%ـی شەقامەکە بەڕووی شۆفێراندا دەکرێتەوە.

دلێر کەمال، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی کۆمپانیای قەیوان، بە ٧ڕۆژی وت: "درێژیی شەقامەکە 34 کیلۆمەترە 26ـی قیرتاوکراوەو ئاماژەی بەوەشکرد قیرتاوکردنی 26 کیلۆمەتر تەواو بووە و هێڵکاری و ستوونەکانی کارەبا ماون. وتیشی: "تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە ستوونی کارەبا و هێڵکاریش تەواو دەبن و بەڕووی شۆفێراندا دەکرێتەوە".
 
دلێر کەمال وتیشی ئەو بەشەی پڕۆژەکە کە دەکرێتەوە، لە تاسڵوجەوە دەستپێدەکات تاوەکو ناوگردان لە سنووری قەزای قەرەداخ و "کردنەوەی ئەو بەشە ئاسانکارییەکی زۆر بۆ شۆفێران بە گشتی و بارهەڵگرەکان بەتایبەت دەکات".
 
لەبارەی تەواوبوونی کۆی پڕۆژەکە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کۆمپانیای قەیوان رایگەیاند: "بەگوێرەی ئەو کاتەی حکومەت دایناوە مانگی ئەیلوولی 2026 دوایین کاتە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە و تەواو دەکرێت".
 
ئەو بەشەی شەقامی 100 مەتری کە دەکرێتەوە، یەک ئۆڤەر پاس، پێنج ئەندەر پاس، یەک بەرزە پرد، حەوت یەکتربڕ و 68 ئاوبەرەی تێدایە.

 
شەقامی 100 مەتریی سلێمانی کە بە "ئۆتۆبانی بابان"یش ناسراوە، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 11-7-2020 بەردی بناغەی دانراوە، بە ‌چە‌ند قۆناغێك جێبە‌جێ دە‌كرێت و گوژمەی پڕۆژەکە 400 ملیار دینارە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە