نێچیرڤان بارزانی لە سلێمانی: دەنگ بە پارتی بدەن بزانن چی دەکەین

2025-11-02  172 جار خوێنراوەتەوە

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بانگەشەی هەڵبژاردنی حیزبەکەی لە سلێمانی رایگەیاند، پارتی "بەبێ سلێمانی ناتەواوە." گوتیشی، "ئاسمانی سلێمانی بەشێکی جوانی ئاسمانی کوردستانە، کە ئاسمانی سلێمانی گەشتی کەم بێت، گەشتی ئاسمانی لە کوردستان کەم دەبێت، ئاسمان و خاکی ئێمە یەک ناویان هەیە، ئەویش کوردستانە."
 
نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "کەموکوڕییەکانی ئەم ناوچە مایەی دڵخۆشی نین بۆ پارتی و خەمێکی گەورەن بۆمان." هەروەها پارتیی بە "قەرزداری سلێمانی" زانی و گوتیشی، "وەکو بەشێکی خۆشەویستی کوردستان تەماشای ئەم دەڤەرە دەکەین."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جێگری سەرۆکی پارتی گوتی، "شەقامێک لە هەڵەبجە یان زاخۆ دروستبکرێت، وەکو یەک پێی دڵخۆشین. قوتابخانەیەک لە سەیدسادق یان هەریر دروستبکرێت، وەکو یەک پێی دڵخۆشین."
 
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردەوە، نابێت زۆنی سەوز و زۆنی زەرد هەبێت، "دەبێت یەک زۆن هەبێت، ئەویش زۆنی کوردستانە." گوتیشی، داعش هێرشی کردە سەر پێشمەرگە، "نەیپرسی خوێنی کامتان سەوز و کامتان زەردە؟"

جێگری سەرۆکی پارتی وتیشی "من پەیامی یەک ملیۆنم بۆ ئێوە هێنا بوو، بەڵام کە ئێوە دەبینم پەیامەکەم لە یەک ملیۆن زیاتر سەرکەوت، ئێمەش ئامادەین بۆ ئەو هەموو تەحەدییانەی لە عێراق بەرامبەر ئێمە دەکرێت، دڵنیابن دڵخۆشیی ئێوە دڵخۆشی ئێمەیە و خەمی ئێوەش خەمی ئێمەیە، داواکاریی ئێوە ئەرکی سەرشانمانە، با ڕاستییەک بڵێم لەم ناوچەیە نوێنەرایەتیی پارتی کەمە، بەڵام دڵنیابن لەوەی بەرنامەی پارتی بۆ ئەم ناوچەیە گەورەیە."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە