مەسعود بارزانی: هیچ کەسێک بۆی نییە دژایەتی ئاڵای کوردستان بکات

2025-11-15  195 جار خوێنراوەتەوە

مەسعود بارزانی پێشوازی لەو گەنجانەی دووزخورماتوو کرد لە رۆژی هەڵبژاردن لەسەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراق سزادرابوون. 
 
رۆژی 11-11-2025 لە کاتی بەڕێوەچوونی دەنگدانی گشتی بۆ پەرلەمانی عێراق، چەند گەنجێکی کورد لەسەر بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراق هێرشیان کرایە سەر.  
 
مەسعود بارزانی ئەمڕۆ شەممە، پێشوازی لەو گەنجانە کرد. بارەگای بارزانی لەبارە دیدارەکە دەڵێت، سەرۆک بارزانی وێڕای "سوپاس و دەستخۆشی بۆ بوێری و كوردپەروەرییان"، جەختی لەوە كردەوە، "لەپێناو ئاڵای كوردستاندا خوێن و قوربانییەكی زۆر دراوە، ئاڵای كوردستان ئاڵای هەموو كوردێكە و هەر كوردێک مافی دەستووری و یاسایی خۆیەتی شانازی بە ئاڵا و پیرۆزییەكانی گەلەكەی بكات".

بارزانی لە دیدارەکەدا ئاماژەی بەوە دا، "هیچ كەس و لایەنێک بۆی نیە لەژێر هیچ بیانوویەك سووكایەتی بە ئاڵای كوردستان بكات یان رێگری لە هەڵكردنی بكات".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە