مارک ساڤایا: عێراق پێویستی بە چاکسازیی بنەڕەتییە
2025-11-25
201 جار خوێنراوەتەوە
نێردەی دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق دەڵێت، ئەمریکا لەمێژە پاڵپشتیی دامەزراوە ئەمنییە رەواکانی عێراق دەکات.
مارک ساڤایا، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق لە پلاتفۆڕمی (X) نووسی: "لە هەوڵە هاوبەشەکانمانەوە بۆ تێکشکاندنی داعش و تاوەکو رووبەڕووبوونەوەی هەژموونی زیانبەخش و بەهێزکردنی سەقامگیریی هەرێمی، پێشکەوتنی راستەقینە بەدەستهاتووە، بەڵام هێشتا چاکسازیی بنەڕەتی پێویستە."
ساڤایا نووسیویەتی: "کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە بە بەهای ملیاران دۆلار کەلوپەل و پاڵپشتیی پلە یەکیان پێشکێش کردووە، وەک هاوبەشی سەرەکی لە بەهێزکردنی ئاسایش و سەروەریی عێراق دەمێننەوە."
رۆژی 19ـی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تروس سۆشیال نووسی: "دڵخۆشم رایدەگەیێنم کە مارک ساڤایا بووە نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کۆماری عێراق." ئەو کات وتی، "تێگەیشتنە زۆرباشەکەی ساڤایا لە پەیوەندییەکانی عێراق-ئەمریکا و پەیوەندییەکانی لە ناوچەکە یارمەتیدەر دەبێت لە پێشخستنی بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی ئەمریکا".
|