عێراق بە هەزار کامێرا و 15 درۆن چاودێریی سنوورەکان دەکات
2026-01-04
228 جار خوێنراوەتەوە
فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق دەڵێت، سنوورەکانی وڵاتەکە لە هەموو کاتێک تووندوتۆڵترن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، نزیکەی 1000 کامێرای چاودێرییان لە سنوورەکان، بەتایبەت لەگەڵ سووریا جێگیر کردوون.
فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق بە رووداوی راگەیاند، "نزیکەی 1000 کامێرای چاودێریمان لە سنوورەکانی عێراق داناون کە وێنەکان بۆ ناوەندی نیشتمانی دەگوزانەوە، بەتایبەتی لەو بەشەی هاوسنوورە لەگەڵ سووریا، بۆیە ئێستا پاراستنی سنوورەکان لە هەموو کاتێک تووندوتۆڵترە."
سەبارەت بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ، فەرماندەییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئێستا 15 درۆن بە بەردەوامی چاودێریی سنوورەکان دەکەن و گوتی، "گرێبەستمان لەگەڵ دەستەی پیشەسازیی جەنگی هەیە بۆ دروستکردن و کڕینی درۆنی زیاتر. ئەو درۆنانەی ئێستا بەکاریاندەهێنین، دەتوانن زیاتر لە 6 کاژێر بفڕن و مەودای 80 کیلۆمەتر چاودێری بکەن."
تیشکیشی خستە سەر پاراستنی سنوورەکانی لەگەڵ سووریا و رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا نزیکەی 350 کیلۆمەتر دیواری کۆنکرێتی لە سنووری سووریا دروستکراوە و لە پرۆسەی دروستکردنی دیوارەکەش بەردەوام دەبین."
عێراق و هەرێمی کوردستان سنوورێکی بەرفراوانیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەیە، کە بەم شێوەیە:
ئێران: 1420 کیلۆمەتر
سووریا: 618 کیلۆمەتر
تورکیا: 335 کیلۆمەتر
|