سوپای سووریا: هێرشی چڕ و ورد بۆسەر بارەگاکانی هەسەدە دەستپێدەکەین

23   کاتژمێر پێش ئێستا  79 جار خوێنراوەتەوە

دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بڵاویکردەوە، لە کاتژمێر دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە  قەدەغەی هاتووچۆ دەبێت. داواش لە خەڵک دەکات لە بنکە و بارەگاکانی هەسەدە دووربکەونەوە.

دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبیی سووریا لە ئێکس بڵاویکردەوە، " لە کاتژمێر 01:30ی دوا نیوەڕۆوە تا کاتێکی نادیار لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود، ئەشرەفییە و بەنی زەید قەدەغەی هاتووچۆ دەبێت."

ئەو دەستەیە داوا لە هاووڵاتییانی مەدەنی دەکات، "لە سەرجەم بنکە و بارەگاکانی هێزەکانی هەسەدە دووربکەونەوە." هاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە، "سوپای سووریا لە کاژێر 01:30ی پاشنیوەڕۆوە، دەست بە ئەنجامدانی هێرشی چڕ و ورد بۆسەر بارەگاکانی هەسەدە لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە، شێخ مەقسوود و بەنی زەید دەکات."

سیامەند عەلی، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی یەپەگە لە ئێکس ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی، "لە حەلەب گرووپەکانی نزیک لە حکومەتی دیمەشق باڵەخانەی خزمەتگوزاری سڤیل دەکەنە بنکەی سەربازی و تانکی تێدا جێگیر دەکەن، لەوێشەوە بە تۆپ و چەکی قورس گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە تۆپباران دەکەن."
 
بەرپرسەکەی یەپەگە دەشڵێت، "بە سەربازگەکردنی باڵەخانەی خزمەتگوزاری سڤیل پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی و بە مەبەست بەکارهێنانی هاووڵاتییانی سڤیل و ژێرخانەکەیانە وەکو قەڵخانی مرۆیی کە تاوانێکە ناتوانرێت پاساوی بۆ بهێنرێتەوە یان رەتبکرێتەوە."

لە رۆژی سێشەممەوە هێرشەکانی سوپای سووریا بە تانک و تۆپ بۆ سەر ئەو دوو گەڕەکە کوردنشینە دەستیپێکردووە و بەگوێرەی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب (سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر)، هێرشەکان تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە