ئیلهام ئەحمەد هۆشداری"کۆمەڵکوژی" لە شێخ مەقسوود دەدات
14 کاتژمێر پێش ئێستا
61 جار خوێنراوەتەوە
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، نەخۆشخانەی خالید فەجر لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی شاری حەلەب بە ئەنقەست دەکرێتە ئامانج. ئەو بەرپرسە باڵایەی کورد هۆشداریی دا، سەدان برینداری سڤیل و ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەناو ئەو نەخۆشخانەیەن.
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوای لە رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، دەستبەجێ دەستوەردان بکەن بۆ دەرهێنانی بریندارەکان و رێگریکردن لە کۆمەڵکوژی دژی ئەوان. هەروەها حکومەتی سووریای بە بەرپرسیاری تەواوی ئەو دۆخە لە قەڵەم دا.
هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە بانگەوازێکدا رۆژی شەممە 10-01-2026 ئاماژەی بەوە کردووە، لە یەکەم رۆژی هێرشەکانەوە نەخۆشخانەی (خالید فەجر) لە گەڕەکی شێخ مەقسوود بە شێوەیەکی سیستماتیک دەکرێتە ئامانج.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "تۆپبارانکردنی بەردەوامی نەخۆشخانەکە، وەک ناوەندێکی پزیشکیی مەدەنی، تاوانی جەنگە و پێشێلکردنی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکانە."
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هۆشداری دەدات، بەردەوامیی تۆپبارانەکان ژیانی نەخۆش، بریندار و تیمە پزیشکییەکان دەخاتە مەترسییەوە و دەبێتە هۆی پەککەوتنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، ئەمەش مەترسیی روودانی کارەساتی مرۆیی و کۆمەڵکوژیی لێدەکرێت. بەڕێوەبەرایەتییەکە حکومەتی سووریای بە بەرپرسیاری تەواوی ئەم دۆخە لەقەڵەم دا.
|