بۆچی لە زستاندا پەنجەکان دەئاوسێن و سوور دەبنەوە؟
22 کاتژمێر پێش ئێستا
98 جار خوێنراوەتەوە
زستان تەنیا هەستکردن بە سەرمایەکی زۆر نییە، زۆر جار هۆکارە بۆ ئەوەی هەندێک کەس تووشی پەڵەی سوور و ئاوسانی پەنجەکانی دەست و قاچیان بن کە دەبێتە هۆی خوران و ئازارێکی زۆر.
لە بابەتێکی ماڵپەڕی " Webmd"دا ئاماژەی پێکراوە کە ئاوسان و سووربوونەوەی پەنجەکانی دەست و قاچ کێشەیەکی شاراوەی زستانە و کاتێک دەردەکەوێت کە هەوای سارد بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی لەگەڵ پێستدا هەبێت.
پلەی گەرمی زۆر نزم کە زۆرجار لەگەڵ با یان شێدا دەبێت، دەبێتە هۆی تەسکبوونەوەی خوێنبەرە بچووکەکانی نزیک ڕووی پێست، لەم کاتەدا کەمتر خوێن دەچێتە پەنجە و گوێ و لووت ئەمەش بۆ پاراستنی ئەندامەکانی ناوەوە و پاراستنی گەرمییە، کێشەکە لە کاتی هەوڵدانە بۆ گەرمکردنەوەی زیاتر چونکە پەلەکردن بۆ بەرزکردنەوەی پلەی گەرمی یان نوقمکردنی دەستی سارد لە ئاوی گەرمدا دەبێتە هۆی فراوانبوونی خێرای ئەم بۆرییانە و دەبێتە هۆی هەوکردن و سووربوونەوە و ئاوسان و خورانی توند.
ئەو کەسانەی ڕێژەی چەوری جەستەیان کەمە، زیاتر تووشی ئەم حاڵەتە دەبن یان ئەو کەسانەی جگەرەکێشن مەترسی زیاتریان لەسەرە، چونکە نیکۆتین خوێنبەرەکان بەرتەسک دەکاتەوە.
لە ناوچە شاخاوییەکان یان کەنار دەریاکان کە زستانی سارد و تەڕیان هەیە، ساڵانە حاڵەتێکی زۆر روودەدەن، نیشانەکانی دوای ١٢ بۆ ٢٤ کاتژمێر لە بەرکەوتنی سەرمای زۆر دەردەکەون، سەرەتا پەڵەی سوور یان وەنەوشەیی دەردەکەون و کەسەکە هەست بە ئازار دەکات پاشان خورانەکە توندتر دەبێتەوە، زۆرترین کاریگەری لەسەر پەنجەکانی قاچ دەبێت دواتر پەنجەکانی دەست.
لێرەدا چەند چارەسەرێکی گونجاو دەخەینەڕوو:
١. گەرمکردنی وردە وردە و بەردەوام کاریگەرترین ڕێگایە.
٢. تەڕکردنی شوێنە تووشبووەکان لە ئاوێکی شەلەتێن نەک گەرم.
٣. وازهێنان لە جگەرەکێشان یارمەتی کردنەوەی خوێنبەرەکان دەدات.
٤. بەکارهێنانی دەستکێش و گۆرەوەی یارمەتیدەرن لە پاراستی پەنجەکانی دەست و قاچ.
ئەم حاڵەتە بەزۆری دەتواندرێت لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا بە تەواوی چارەسەر بکرێت بەڵام چاکنەبوونەوەی برینەکە ئاماژەیە بۆ پێویستی ڕاوێژکردن بە پزیشک بۆ وەرگرتنی چارەسەری بەهێزتر.
|