ئێران وەڵامی ترەمپی دایەوەو ئامادەی دانوستاندنە لەگەڵ ئەمریکا

4   کاتژمێر پێش ئێستا  248 جار خوێنراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەی دەستپێکردنی دانوستاندنە لەگەڵ ئەمریکا بەو مەرجەی دانوستاندنەکە دادپەروەرانە بێت.
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی دووشەممە 12-01-2026 لە کۆبوونەوە لەگەڵ باڵیۆزی وڵاتان لە تاران وتی، تاران ئامادەیە بۆ ئەوەی پرسی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەمریکا بە دانوستاندن چارەسەر بکات، بەڵام بەو مەرجەی دانوستاندنەکە دادپەروەرانە بێت و دوو لایەن مافی یەکسانیان هەبێت.
 
لەبارەی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ هێرشکردنەسەر ئێرانیش، عێراقچی وتی، ئەوان خوازیاری شەڕ نین، بەڵام هاوکات ئامادەیی تەواویان هەیە بۆ شەڕ و دەتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن.
 
وەزیری دەرەوەی ئێران رەتیشی دەکاتەوە وڵاتەکەی دەستپێشخەری بکات لە هێرشکردنە سەر بنکە و هێزە ئەمریکییەکان لە ناوچەکەدا.
 
قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەرپرسانی ئێران پەیوەندییان پێوە کردووە و داوای دانوستاندنیان کردووە. سەرۆکی ئەمریکا پێیوایە، گوشارەکانی ئەمریکا بەرپرسانی ئێرانی ماندوو کردووە و داوای دانوستاندن دەکەن، بڕیارە ئامادەکاری بکرێت بۆ کۆبوونەوە. ترەمپ بە ئاماژەدان بە کوژرانی خۆپێشاندەرانیش لە ئێران گوتی، رەنگە پێش کۆبوونەوە ناچار بن هەنگاوێک بنێن.
 
بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان رۆژی شەممەی ئەم هەفتەیە سەردانی تارانی کرد و لەگەڵ سەرۆککۆمار، وەزیری دەرەوە و سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کۆبووەوە. بەرپرسانی ئێران و عومان هیچیان لەبارەی ئەگەری ئاڵوگۆڕی پەیام لەنێوان تاران و واشنتن لە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی عومان بۆ تاران رانەگەیاندووە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە