ئاربێلوا بە ئابڕووچوون دەستیپێکرد

2   کاتژمێر پێش ئێستا  16 جار خوێنراوەتەوە

ئەلڤارۆ ئاربێلوا، راهێنەری نوێی یانەی ریال مەدرید، دەستپێکێکی زۆر خراپی لەگەڵ یانە شاهانە هەبوو، دوای ئەوەی تیپەکەی لە قۆناخی 16ـی جامی شای ئیسپانیا بەئەنجامی 3-2 بەرامبەر یانەی ئەلباسێتی دۆڕا و لە رکابەرییەکە کرایە دەرەوە.
 
ئاربێلوا رۆژی دووشەممە وەک شوێنگرەوەی چابی ئەلۆنسۆ دەستنیشانکرا و رۆژی سێشەممە وەک 17ـەمین راهێنەر لە سەردەمی فلۆرێنتینۆ پێرێز ناسێندرا، بەڵام تەنیا دوای رۆژێک لە ناساندنی، تووشی شکستێکی مێژوویی بوو بەرامبەر تیپێک لە خولی پلە دووی ئیسپانیا لە ریزبەندیی 17ـی خولەکەیە.
 
دوورخستنەوەی چابی ئەلۆنسۆ تەنیا دوای 8 مانگ لە دەستبەکاربوونی، هەوڵێک بوو بۆ کەمکردنەوەی ئەو ئازارەی هاندەرانی یانەکە دوای شکستەکەی بەرامبەر بارسێلۆنا لە یاریی دوایینی جامی سوپەر چەشتوویانە، بەڵام گۆڕینی راهێنەر نەبووە چارەسەر بۆ کێشە قووڵەکانی پێکهاتەی یانەکە. ریال مەدرید بەدەست نەبوونی ئامادەیی جەستەیی و دەروونی، نەبوونی سەرکردە لە ناو یاریگە و کێشەی بەرگری دەناڵێنێت، ئەوە بێجگە لەوەی هێڵی هێرشبەری تیپەکە لە بڕینی ئەو تیپانەی بەرگری تووند دەکەن کێشەی گەورەی هەیە.
 
ئەمە یەکەم ئەزموونی ئاربێلوا بوو لە ئاستی باڵا، پێشتر تەنیا سەرپەرشتی تیپی دووەمی یانەکەی کردووە. لە یارییەکەدا چەندین ئەستێرەی سەرەکی وەک کیلیان ئێمباپێ، جود بێلینگهام، تیبۆ کورتوا، رۆدریگۆ و چوامینی دوورخرابوونەوە، هەرچەندە بۆ یارییەکەی سوپەریش ئامادە بوون. سەرەڕای بەشداریپێکردنی ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ڤالڤێردی، دین هاوسن و ئاردا گولەر، ریال مەدرید نەیتوانی کۆنترۆڵی یارییەکە بکات.
 
توانای جەستەیی یاریزانان لە گێمی دووەم بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی، ئەوەش نیشانەی ئەو کێشانەیە لە سەردەمی کارلۆ ئەنچیلۆتی و چابی ئەلۆنسۆش هەبوون. ئاربێلوا دانی کارڤاخالی دوای چەندین مانگ هێنایەوە ناو یاریگە، بەڵام گۆڕانکارییەکانی نەبوونە هۆی گۆڕینی ئەنجامەکە. ئەلباسێتی لە خولەکی 80 گۆڵی دووەمی تۆمارکرد، هەرچەندە گۆنزالۆ گارسیا لە کاتی زیادکراودا گۆڵی یەکسانبوونی بۆ مەدرید هێنایەوە، بەڵام جێفتی بێتانکۆر لە خولەکی 96 گۆڵی سەرکەوتنی بۆ ئەلباسێتی بەدەستهێنا.
 
ئەم شکستە وەک یەکێک لە خراپترین ئەنجامەکانی مێژووی ریال مەدرید لە جامی شا هەژمار دەکرێت. ئاربێلوا دوای یارییەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "تێدەگەم ئەگەر خەڵک بەمە بڵێن شکستهێنان، بەڵام من لە وشەی شکست ناترسم، چونکە شکست رێگەیەکە بەرەو سەرکەوتن". راهێنەرە نوێیەکە هەموو بەرپرسیارێتییەکی گرتە ئەستۆ و گوتی "یاریزانەکان هەموو هەوڵێکی خۆیان دا و ناتوانم لۆمەیان بکەم".
 
دانی کارڤاخال، کاپتنی تیپەکەش دوای یارییەکە بە رۆژنامەڤانانی گوت "بەشێوەیەکی سەیر گەڕاینەوە خاڵی سفر". هەروەها داوای لێبووردنی لە هاندەران کرد و گوتی "ئێمەی یاریزانان بەرپرسیارین، لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی یانەکە نین و دەبێت ئەم بارودۆخە بگۆڕین". ئێستا ئاربێلوا و تیپەکەی چەند رۆژێکیان لەبەردەمە بۆ ئامادەکاری بۆ یارییەکەی بەرامبەر لیڤانتی لە لالیگا، کە چاوەڕوان دەکرێت هاندەران بە تووڕەییەوە پێشوازییان لێ بکەن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە