فوئاد حوسێن: پارتی و یەکێتی لەسەر سەرۆککۆمار رێکنەکەوتوون
2 کاتژمێر پێش ئێستا
151 جار خوێنراوەتەوە
وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، تا ئێستا پارتی و یەکێتیی ڕێکنەکەوتوون و پێویستە کورد بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، بە یەکگرتوویی بچێتە بەغدا. ئاماژە بەوەش دەکات، هۆکاری گواستنەوەی زیندانییانی داعش لە سووریا و رۆژئاوای کوردستانەوە بۆ بەغدا ''ترس لە هەڵاتنیان'' بوو.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەچاوپێکەونێکی لەگەڵ ڕووداو، تیشکی خستە سەر کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە هەرێمی کوردستان، عێراق، سووریا و ناوچەکە.
فوئاد حوسێن ئاماژەی بە مەترسیی بەهێزبوونەوەی داعش کرد و رایگەیاند، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گواستنەوەی زیندانییانی داعش بۆ عێراق کە پێشتر لە زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـدا بوون، ''ترس لە هەڵاتنیان'' و دروستکردنی هەڕەشە بۆ سەر عێراق بووە.
بە وتەی وەزیری دەرەوەی عێراق، تا ئێستا پێنج هەزار و 714 زیندانیی داعشی گوێزراونەتەوە عێراق کە 470ـیان هاووڵاتیی عێراقین و ئەوانەی دیکە بیانین.
ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ وڵاتان لەسەر هێڵن، بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی خۆیان کە پێشتر چەکداری داعش بوون وەریانبگرنەوە، ''بەڵام ئەمە پڕۆسەیەکی دوورودرێژە و ئاسان نییە.''
وەزیری دەرەوەی عێراق کە هاوکات کاندیدی پۆستی سەرۆککۆماریی پارتی دیموکراتی کوردستانە، باسی لە کۆبوونەوەی رۆژی 11ی ئەم مانگەی نێوان مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کرد و رایگەیاند، ''لەو دانیشتنەدا باسی پۆستی سەرۆککۆمار نەکراوە و تا ئێستاش لەسەر یەک کاندیدی هاوبەش رێکنەکەوتووین.''
فوئاد حوسێن لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار لە هەفتەی داهاتوودا دەڵێت، ''باشتر وایە کۆببنەوە، ئەگەر بگەینە رێککەوتن باشترە. ئەگەر نەگەینە رێککەوتن واتای ئەوەیە لە بەغدا بە رکابەری دەچینە نێو هۆڵی پەرلەمان و ئەوە بۆ دۆزی کورد باش نییە. ئێمە هەرچەندە یەکگرتوو بین، ئەوەندە هێزمان لە بەغدا زیاتر دەبێت.''
|