لێدوانی نوێی نوری مالیکی لەبارەی حکومەتی نوێی عێراق
2026-03-05
380 جار خوێنراوەتەوە
نوری مالیکی، سەرۆکی ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا، جەختی لەوە کردەوە پێویستە حکومەتی چاوەڕوانکراوی عێراق ڕێچکەیەکی نیشتمانیی سەربەخۆ پەیڕەو بکات.
مالیکی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ڕایگەیاند: "پێویستە عێراق ببێتە ڕەگەزێکی کارای هاوسەنگی لە دەوروبەری هەرێمی خۆیدا، بەو بڕوایەی کە گفتوگۆ و تەواکاریی ئابووری کورتترین ڕێگان بۆ چەسپاندنی سەقامگیری".
ئاماژەی بەوە کرد: "لەسەر ئەم بنەمایە، هیوادارین حکومەتی داهاتوو ڕێچکەیەکی نیشتمانیی سەربەخۆ بگرێتە بەر کە نەچێتە ناو هیچ میحوەر و جەمسەرێکەوە، بەڵکو کار بکات بۆ بنیاتنانی شەراکەتی نێودەوڵەتیی پتەو بەپێی ئەو ڕێککەوتنانەی کە ئاسایش و گەشەپێدانی عێراق بەهێز دەکەن و ڕێز لە سەروەرییەکەی دەگرن."
زیاتر وتی: "عێراق چاوەڕوانی پەیوەندیی هاوسەنگ و بەهێزە لەگەڵ هەمووان بێ جیاوازی، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی و سەقامگیری ناوچەکە بکات."
ڕاشیگەیاند "هێزی عێراق و ئابووری و پێگەکەی لە توانایدایە بۆ دروستکردنی بارودۆخێکی هاوسەنگ و کارلێکردن لەگەڵ هاوبەشەکاندا، لەگەڵ ڕێزگرتنی تەواو بۆ سەروەری و ئیرادەی وڵات."
|