ترەمپ: بە جدی بیر لە کشانەوەی ئەمریکا لە ناتۆ دەکەمەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
177 جار خوێنراوەتەوە
دۆناڵد ترەمپ بە رۆژنامەی "تیلیگراف"ی بەریتانی راگەیاند، دوای ئەوەی هاوپەیمانیی ناتۆ ئامادە نەبوو لە جەنگی دژی ئێران دا هاوکاری بێت، بە جدی بیر لە کشانەوەی ئەمریکا لەو هاوپەیمانییە سەربازییە دەکاتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ماوەی رابردوودا هاوپەیمانیی ناتۆی بە "بێ کاریگەر" ناوبرد و دەڵێ، کشانەوەی ئەمریکا لەو هاوپەیمانییە بەرگرییە ئێستا "لە قۆناخی پێداچوونەوە تێپەڕیوە".
ئەمە بەهێزترین ئاماژەیە تا ئێستا پیشانی دەدات کۆشکی سپی چیدیکە ئەورووپا وەک هاوبەشێکی جێگەی متمانەی بەرگری نابینێت، ئەوەش دوای ئەوەی هاوپەیمانەکان داواکارییەکەی ترەمپیان بۆ ناردنی کەشتیی جەنگی بە مەبەستی کردنەوەی تەنگەی هورمز رەتکردەوە.
کاتێک پرسیار لە ترەمپ کرا، ئایا دوای کۆتاییهاتنی ئەم جەنگە، پێداچوونەوە بە ئەندامێتیی ئەمریکا لە ناتۆدا دەکات؟ لە وەڵامدا وتی، "بەڵێ، دەڵێم ئەم بڕیارە لە پێداچوونەوە تێپەڕیوە. هەرگیز لە ژێر کاریگەریی ناتۆدا نەبووم. هەمیشە دەمزانی کە بێ کاریگەرن، پووتینیش ئەوە دەزانێت."
ئەندامەکانی ناتۆ دوودڵ بوون لە هاوکاریکردن بۆ کردنەوەی تەنگەکە، کە بە شێوەیەکی ئاسایی 20%ی نەوتی جیهانی لێوە تێدەپەڕێت. تاران بۆ چەندین هەفتەیە بە کردەیی تەنگەکەی داخستووە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بێوێنەی نرخی نەوت و گاز و هەڕەشەی دروستبوونی سستبوونی ئابووریی جیهانی دەکات.
ترەمپ وتیشی، "جگە لەوەی لەوێ نەبوون، لە راستیدا بڕواکردن بەوە قورس بوو. من هەوڵێکی زۆرم نەدا بۆ رازیکردنیان؛ تەنیا وتم 'سڵاو'، دەزانیت زۆر سوور نەبووم لەسەری، چونکە پێموابوو دەبێت ئەوە کارێکە بیرکردنەوەی ناوێت."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، هەر کاتێک پێویست بووبێت، ئەمریکا لەگەڵ ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانیی ناتۆ بووە و رایگەیاند، "ئێمە بێ بیرکردنەوەی لەگەڵیان بووین ، لەوانەش بۆ ئۆکراینا. ئۆکراینا کێشەی ئێمە نەبوو، ئەوە تاقیکردنەوەیەک بوو، ئێمە لەوێ بووین بۆیان و هەمیشەش لەوێ دەبووین، بەڵام ئەوان بۆ هاوکاریکردنی ئێمە نەبوون."
|