هەرێمی کوردستان ‌و عێراق لەسەر سیستمی ئەسیكۆدا رێككەوتن

2   کاتژمێر پێش ئێستا  226 جار خوێنراوەتەوە

راوێژكارێكی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان دەڵێت، هەولێر و بەغدا لەسەر سیستمی ئەسیكۆدا ‏رێككەوتن ‌و "بەپێی رێككەوتنەكەش هەموو یاسا‌ و ‏تایبەتمەندییەكانی هەرێمی كوردستان رەچاو دەکرێن."
 
سامی جەلال، راوێژكاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، بە رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ شاندەکانی هەرێمی ‏كوردستان ‌و حكومەتی عێراق لەسەر سیستمی ئەسیكۆدا گەیشتنە ‏رێككەوتن ‌و گوتیشی: "لە جێبەجێكردنی ‏سیستمەكەدا هەموو یاسا‌ و تایبەتمەندییەكانی هەرێمی كوردستان رەچاو کراون."
 
ئاماژە بەوەشدەکات، رۆژی یەكشەممە 12-4-2026  لە هەولێر ‏كۆبوونەوەیەك لەنێوان هەردوو لایەنی هەرێمی كوردستان ‌و حكومەتی ‏عێراق دەكرێ و رۆژی دواتر هەردوو شاندەكە دەچنەوە بەغدا ‌و ‏لە ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق رێككەوتنەكە واژۆی كۆتایی دەكرێ."‏
 
راوێژكارەكەی وەزارەتی ناوخۆ كە سەرپەرشتی كارەكانی ئەسیكۆدای  لە لایەنی هەرێمی کوردستانەوە دەکرد، ئەوەشی روونكردەوە، ‏بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گومرگ لە هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی سیستمی ئەسیكۆدا ‏دەكات.‏
 
هاوکات وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ، بە سەرپەرشتی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، بەغدا و هەولێر لەسەر یەکخستنی رێکارە گومرگییەکان و جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا رێککەوتن و زمانی کوردیش بۆ سیستمەکە زیاد دەکرێت.
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەمڕۆ چوارشەممە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی فراوانی کرد بۆ تاوتوێکردنی رەشنووسی رێککەوتنی جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنیی گومرگی (ئەسیکۆدا) لە هەرێمی کوردستان، ئەوەش وەک جێبەجێکردنی ئاراستەکارییەکانی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووری لە کۆبوونەوەی رۆژی 6ی نیسانی 2026 دا.
 
لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگی فیدراڵی، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی، راوێژکاری وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی بەشی تەکنەلۆژیای زانیاری، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە دەستەی گشتیی گومرگی فیدراڵی، هەروەها تیمی شارەزایانی رێکخراوی ئۆنکتادی نێودەوڵەتی ئامادەبوون.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دارایی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا "رێککەوتن کرا لەسەر پێكهێنانی تیمی ئەسیکۆدای تایبەت بە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لە تیمی نیشتمانیی یەکگرتوو، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر تەواوکردنی سەرجەم پێداویستییەکانی سیستمەکە لەلایەن کۆمپانیا پەیوەندیدارەکانەوە لە هەرێمی کوردستان و دیاریکردنی دەسەڵات و بەرپرسیارێتییەکانی هەردوولا بە وردی بۆ دڵنیابوون لە ئاسانکاریی کارەکان."
 
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق  بڕیاریدا "زمانی کوردی لەنێو سیستمەکەدا هەبێ و لە کاتی جێبەجێکردنی راستەقینەدا لە فۆرمەکاندا پەسند بکرێ، هاوشێوەی زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی بۆ دڵنیابوون لە ئاسانیی بەکارهێنان."
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، رێککەوتنەکە دەستپێکردنی پڕۆگرامێکی راهێنانی گشتگیری لەخۆگرت کە تێیدا تیمی نیشتمانی راهێنان بەو کارمەندانە دەکات کە لەسەر سیستمەکە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، بە شێوەیەک کە کارامەیی تەکنیکی بەرزبکاتەوە و پێوەرەکانی بەڕێوەبردنی گومرگی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان یەکبخات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە