لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئاڵۆزی دەکەوێتە ناو پەرلەمانی عێراق

1     کاتژمێر پێش ئێستا  51 جار خوێنراوەتەوە

فەرهاد ئەترۆشی، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە ڕوونكردنەوەیەكی تونددا وەڵامی بەیاننامەکەی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی دایەوە کە تێیدا داوای ڕاگرتنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی کردبوو.

فەرهاد ئەتروشی لە وەڵامەکەیدا بۆ عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هێڵی سوورە و بە هیچ شێوەیەک ناکرێت وەک کارتی گوشاری سیاسی بەکاربهێندرێت.

ئەوەشی وتووە بەستنەوەی بژێوی خەڵک بە ناکۆکییە داراییەکان یان داهاتە نانەوتییەکان، پێشێلکردنێکی ڕوونی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییە کە بە ڕوونی دۆسیەی مووچەی لە هەر جۆرە ململانێیەکی سیاسی و دارایی نێوان بەغداد و هەولێر جیاکردووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەیەکی شەفاف و بە هەماهەنگییەکی ئاست بەرز لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی کار دەکات. ئەو دەستکاری و هەموارکردنانەی کە عەدنان فەیحان ئاماژەی پێ کردوون “سازشکردنی بێ دەسەڵات” نەبووە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، بەڵکو ئەنجامی پێداچوونەوەی تەکنیکی و یاسایی بووە لەلایەن لیژنە وزارییە پسپۆڕەکانەوە (لیژنەی شەش قۆڵی) کە ڕەچاوی دۆخی فعلی داهاتەکان و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی کردووە.

سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەکان، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان ڕوونی کردووەتەوە هەرێمی کوردستان هەمیشە پابەندییەکانی جێبەجێ کردووە؛ پێشتر مانگانە ١٢٠ ملیار دیناری ڕادەستی بەغداد دەکرد، و لە دوو مانگی ڕابردوودا ئەم بڕە لە نێوان ٤٠ بۆ ٥٠ ملیار دینار بووە کە ئەمەش نیشاندەری داهاتی ڕاستەقینەی داهاتی هەرێمە. جەختیش کراوەتەوە کە هەرێمی کوردستان داوای شایستە داراییە نەدراوەکانی خۆی لە بودجەی گشتی، خەرجییەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت، و قەرەبووکردنەوەی ئەو بڕیارانە دەکات کە زیانی ئابوورییان پێگەیاندووە، کە بڕەکەی زۆر زیاترە لەو جیاوازییانەی لە بەیاننامەکەی جێگری یەکەمدا هاتووە، ئەمە جگە لەوەی پێشتر سەرۆکی پەرلەمانیش جەختیکردبووەوە لەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هێڵی سوورە.

لە خاڵێکی دیکەی وەڵامەکەی فەرهاد ئەتروشی بۆ عەدنان فەیحان هاتووە: ” نەرمی نواندنی حکومەتی فیدراڵی پێشوو و ئێستا پابەندبوونە بە دەستوور و جێبەجێکردنی و بە واتای سەرپێچیکردنی یاسا نایەت، بەڵکو ڕەنگدانەوەی هەستکردنیەتی بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی بەرامبەر بە هاوڵاتیانی لە هەرێم، و پاراستنی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و ئابوورییە لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراقدا”.

هەروەها دەڵێت: “هەڕەشەکردن لە حکومەتی فیدراڵی بە لێپرسینەوەی یاسایی بەهۆی پێدانی مووچەی هاوڵاتیانی عێراقی، بەسیاسیکردنێکی ڕوونی یاساکانە؛ ئەوانەش کە خەون بە بەرهەمهێنانەوەی مەرکەزییەتی قێزەون دەبینن  کە دژی دەستوور، ڕێککەوتنە سیاسییەکان، بنەماکانی پرۆسەی سیاسی و هاوبەشی نیشتمانییە دوای ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆریی مەرکەزیی گۆڕبەگۆڕ خەونەکانیان نەهاتووەتە دی و ناشیێتە دی”.

لە کۆتایی وەڵامەکەشدا فەرهاد ئەتروشی دەڵێت: ” دامەزراوەی یاسادانان و سەرۆکایەتییەکەی گوزارشت لە ئیرادەی سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی عێراق دەکات و نابێت لایەنگیری بکات. پێویستە لە زمانی گرژی و هەڕەشە دوور بکەوینەوە و پشت بە گفتوگۆی بنیاتنەر ببەستین لە ژێر سایەی دەستووردا بەبێ ئەوەی دەست بۆ بژێوی هاوڵاتیان ببرێت”.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە