بەرپرسێکی کارەبا بە تۆمەتی دزینی 4 ملیار 500 ملیۆن دینار دەستگیرکرا
2026-07-19
466 جار خوێنراوەتەوە
دەستەی دەسپاکی حکومەتی عیراق، دەستگیرکردنی بەرپرسێکی لە کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای بەغداد راگەیاند، بەهۆی تێوەگلانی لە دزینی کەلوپەلی کارەبایی کە بەهاکەیان نزیکەی چوار ملیار و نیو دینار دەبێت.
دەستەی دەسپاکی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، تیمێکی وردبینی و لێکۆڵینەوە سەردانی وەزارەتی کارەبایان کردووە و دوای ئەنجامدانی وردبینی پێویست، دەرکەوتووە کە بەرپرسی کۆگاکانی سەر بە لقی دابەشکردنی رەسافە، دەستی بەسەر کۆمەڵێک کێبڵـی کارەباییدا گرتووە کە بەهاکەیان دەگاتە(4.406.000) چوار ملیار و چوارسەد و شەش ملیۆن دینار.
دەستەکە روونیشی کردەوە تۆمەتبارەکە بە هاوکاری دوو خاوەن ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر ئەو کەلوپەلانەی دزیوە.
ئەم پرۆسەیە لەسەر بنەمای فەرمانی دادوەر لە دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ناوەندی و پاڵپشت بە ئەحکامەکانی ماددەی (315) لە یاسای سزادانی عیراقی جێبەجێ کراوە.
هاوکات پەڕاوی دەستبەسەرداگرتنی یاسایی رێکخراوە و لەگەڵ تۆمەتبارەکەدا ئاڕاستەی دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند کراوە، ئەویش بڕیاری راگرتنی تۆمەتبارەکەی داوە تا تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان.
|