بۆریی ئاوی دووکان - سلێمانی شکا چەند گەڕەکێک بێ ئاو دەبن

1     کاتژمێر پێش ئێستا  15 جار خوێنراوەتەوە

بۆریی ئاوی دووکان - سلێمانی شکاوە و تیمەکان سەرقاڵی چاککردنەوەن و گەڕەکەکانی دەرەوەی شەقامی 60 مەتریی سلێمانی بێئاو دەبن، لەوانەش ئیبراهیم ئەحمەد، سێتوان، کانی با، کازیوە و کۆمپانیاکانی نەوزاد.

بەختیار تاهیربەڕێوەبەری گشتیی ئاوی سلێمانی رایگەیاند، ماوەی 2 - 3 رۆژیان پێدەچێت بۆ چاککردنەوەی بۆرییەکە. سەبارەت بە گەڕەکەکانی نێو شەقامی 60 مەتریی سلێمانییش گوتی، "ئەو گەڕەکانە کێشەیان نابێت."

بە وتەی بەختیار تاهیر، بەهۆی شکانی بۆرییەکەوە ناوچەکانی نێوان شارۆچکەی ئەڵڵایی تاوەکو چەمچەماڵ بێئاو دەبن.

ئامانج جەلال، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی بە ٧ڕۆژی وت، "ئەم بەیانییە لە رێگەدا بووین بۆ دووکان تاوەکو ئەو سێ پەمپە تاقی بکەینەوە کە بەشێک لە کێشەی ئاوی سلێمانی چارەسەر دەکەن، بەڵام لەو کاتەدا لە شکانی بۆری ئاوی هێڵی دوو ئاگادارکراینەوە."

بە وتەی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی، بەهۆی شکانی ئە بۆرییەوە نزیکەی 50%ی گەڕەکەکانی سلێمانی بێ ئاو دەبن. لەبارەی هۆکاری شکانی بۆرییەکەوە وتی: "شۆفڵێک لە نزیک بۆرییەکە کاری کردووە، بەسەریدا رۆیشتووە و شکاندوویەتی."

بڕیاربوو ئەمڕۆ ئەو سێ پەمپەی بەشێک لە کێشەی بێئاوی لە سلێمانی چارەسەر دەکەن، تاقی بکرێنەوە، بەڵام بەهۆی شکانی هێڵی دووی ئاوی دووکان - سلێمانی دوادەکەوێ.

ئەمە لەکاتێکدایە ماوەی زیاتر لە مانگێکە ژمارەیەک گەڕەکی شاری سلێمانی بە دەست بێ ئاوییەوە دەناڵێنن و بە تانکەر ئاو دەکڕن، بڕیاربوو ئەمڕۆ دابەشکردنی ئاو ئاسایی ببێتەوە، بەڵام بەهۆی شکانی هێڵی دووەمی بۆری ئاوی دوکان سلێمانی، دابەشکردنی ئاو زیاتر دوادەکەوێت.

ئەم گەڕەکانەش بەهۆی شکانی بۆریەکەوە بێ ئاو بوون:

چەمچەماڵ
شۆڕش
بازیان
ئەڵایی
گۆپاڵە
تاسڵوجە
گەرەکەکانی دەرەوەی بازنەی مالیک
مەحمود (کازیوە، ئیبراهیم ئەحمەد، مزگەوتی فەجر، هەموو ئەو گەرەکانەی ماوەی دوو مانگە بەدەست بێئاوییەوە دەناڵێنن


   ئەمانەش بخوێنەرەوە