عێراق ئاماری نوێی قوربانیانی تای خوێنبەربوون بڵاودەکاتەوە

2025-05-03  256 جار خوێنراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەڵێت، تووشبوویەکی دیکەی تای خوێنبەربوون لە موسەننا گیانی لەدەستداوە، بەوەش کۆی گشتیی ئەوانەی ئەم ساڵ بەو پەتایە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 5 کەس و 36 تووشبوویش تۆمار کراون. ناوەندی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە گوێزراوەکانیش ئاماژە بە تەرخانکردنی 3 ملیار دینار بۆ کۆنترۆڵکردنی پەتاکە دەکات.
 
د. سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق بە میدیاکانی ڕاگەیاند، "ژمارەی ئەو کەسانەی بە تای خوێنبەربوون گیانیان لەدەستداوە گەیشتوونەتە 5 کەس، کە چواریان لە کەرکووک بوون و ئەوی دیکەش لە موسەننا بووە."
 
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق وتیشی، "تا ئێستا 36 تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆمار کراون." تووشبووەکان لە کەرکووک، زیقار، بەغدا، موسەننا، نەینەوا، دیالە و بەسرە تۆمار کراون.
 
هاوکات د. سینان غازی، بەڕێوەبەری ناوەندی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە گوێزراوەکان لە وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند "وەزارەتی تەندروستی بە رێنوێنیی سەرۆکوەزیران و بە هاوئاهەنگیی وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی کشتوکاڵ، وەزارەتی ژینگە و دامەزراوەکانی دیکە، چەندین رێکاری گرتووەتەبەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو پەتایە و کۆنترۆڵکردنی، سێ ملیار دیناریش بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکراوە."
 
بە وتەی د. سینان غازی رێکارەکان ئەمانەن:
 
1-  "لیژنەی نیشتمانی بۆ یەک تەندروستی" سەرپەرشتی رێکار و هەنگاوەکانی رووبەڕووبوونەوە و کۆنترۆڵکردنی تای خوێنبەربوون دەکات.
 
2- گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی ئەو گۆشت و ئاژەڵانەی هاوردە دەکرێن.
 
3- تەرخانکردنی 3 ملیار دینار لە بودجەی یەدەگی فریاگوزاری بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشی تای خوێنبەربوون.
 
3- دابینکردنی بەردەوامی خزمەت بۆ کوشتارگە حکومییەکان بۆ (3-5) ساڵ.
 
4- بەو پێیەی نەخۆشییەکە لە رێگەی ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە، وەزارەتی کشتوکاڵ هەڵمەتی رشاندنی دەرمان لەسەر ئاژەڵەکان دەکات لە وەرزەکانی بەهار و پاییز،  جگە لەوەش هەڵمەتە فریاگوزارییەکان کە بە هاوئاهەنگی وەزارەتی تەندروستی دەکرێن، کاتێک دۆخە گومانلێکراوەکانی نەخۆشییەکە تۆمار دەکرێن.
 
5- چاودێریکردنی سەربڕینی هەڕەمەکی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی، ڤێتێرنەری و وەزارەتی ناوخۆ، لەگەڵ گرتنەبەری رێکاری یاسایی دژی بکەران.
 
6- چاودێریکردنی کوشتارگەکان لەلایەن وەزارەتی تەندروستی، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی ژینگە و وەزارەتی کشتوکاڵ، بۆ دڵنیابوون لەوەی مەرجە تەندروستییەکان جێبەجێ دەکرێن و سەرپێچیکاران لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
 
7- بڵاوکردنەوەی رێنمایی تەندروستی و هۆشیاری لە رێگەی راگەیاندنەکانەوە لە ژێر دروشمی "ببە بە بەشێک لە چارەسەر".
 
- رێکارەکانی وەزارەتی تەندروستی بۆ دۆخە گومانلێکراوەکان و پشتڕاستکراوەکان بەم شێوەیەن:
1-چاودێری پێشوەختە و دەستنیشانکردنی دۆخەکانی تووشبوون، بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیەکە و رێگریکردن لە گواستنەوەی.
 
2- دابینکردنی کلینیکیی تایبەت و دەرمانی چارەسەرکردن بۆ تووشبووانی تای خوێنبەربوون.
 
3- راهێنان و پەرەپێدانی توانای پزیشک، کارمەندانی تەندروستی و کارمەندانی تاقیگە.
 
تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگە لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، هەندێکجار دەبێتە هۆى مردنى تووشبووەکە.
 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە