عێراق خۆپیشاندان قەدەغە دەکات و هەركەس هەوڵبدات دەستگیردەكرێت
3 کاتژمێر پێش ئێستا
38 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆ یەكشەممەوە تا ڕۆژی 20ـی ئەم مانگە هەمو جۆرە خۆپیشاندانێك لە بەغدای پایتەخت بە هەر هۆكارێك بێت، قەدەغەیە و هەركەس خۆپیشاندان ئەنجام بدات دەستگیردەكرێت، هەروەها هۆكاری ئەو ڕێكارە توندەی بۆ بەڕێوەچونی لوتكەی عەرەبی لە پایتەخت گەڕاندوەتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەو ساتەوەختەوە كە وادەی كۆبونەوەی لوتكەی عەرەبی لە بەغدا ڕاگەیەندرا، هێزە ئەمنییەكانی عێراق دەستیان بە هەنگاونان كرد بۆ دەستەبەركردنی ئەمنی ئەو ڕوداوە گرنگە، كە لە هەمو ڕویەكەوە ڕەنگدانەوەی وێنەی ڕاستەقینەی وڵاتەكە دەبێت.
ئاماژە بەوەشكرد، لەگەڵ نزیكبونەوەی لوتكەی عەرەبی، هێزە ئەمنییەكان زیاتر سەرقاڵی ئامادەكارییەكان بون بۆ سەركەوتنی چالاكییەكە، و هەمو تواناكانیان كۆكردۆتەوە بۆ پێشوازیكردن لە میوانانی عێراق.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، هیچ خۆپیشاندانێك ئەنجام نادرێت، بەبێ گوێدانە هۆكارەكان، چ بۆ خزمەتگوزاری بێت یان بەشێوەیەكی دیكە، هەروەها هیچ مۆڵەتێك بۆ خۆپیشاندان نابێت، هەر هەوڵێكیش بۆ ئەو كارە پێشێلكردنی یاسا دەبێت.
ئەوەشیخستەڕو، ڕێنمایی دەرچوە بۆ دەستگیركردنی هەر كەسێك كە هەوڵی خۆپیشاندان بدات، لە 11ی (ئایار/5)ـەوە دەستپێدەكات و تا 20ی (ئایار/5) بەردەوام دەبێت.
دەشڵێت، "هێزە ئەمنییەكان ڕێكاری یاسایی پێویست بەرامبەر هەر خۆپیشاندەرێك دەگرنەبەر كە هەوڵی سەرقاڵكردنی هێزە ئەمنییەكان لە ئەركە دیاریكراوەكانیان بدات لەم ماوەیەدا".
|