ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم چەند بڕیارێکی دەرکرد
3 کاتژمێر پێش ئێستا
101 جار خوێنراوەتەوە
ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژەی نیشتمانیی (ڕووناکی) تایبەت بە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری پەسەند کرد و چەند بڕیارێکی دیکەی دەرکرد
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبۆوە و تێیدا پرۆژەی ڕووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری پەسەنەد کرا و چەندین بڕیار و ڕاسپاردەی تر ئاشکرا کرا، و سەبارەت بە پرۆژەی ڕووناکی دەڵێت”بە شــێوەیەکی فــراوان و بە بەردەوامــی و کەمکــردنەوەی تێچــووی بەکارهێنــان و ڕێگــريكردن لە بەهەدەردان و هاوسەنگی لە دابەشـکردن و پاراسـتنی ژیـنگە و تەندروسـتيی گشـتی و جێبەجێکردنـی ئەم پـڕۆژە نیشتمانییە، لەلایەن کەرتی گشتی و وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەبێت”.
سەرۆکوەزیران، ئەم پرۆژەیەی بە یەکێک لە دەسکەوتە گرنگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناوبرد، کە داوا و خواستی چەندین ساڵەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بووە و مافێکی ڕەوا و سەرەتایی هاونیشتمانیانیش بوو کە بکرێتە ئەرکی لەپێشینەی ئەم کابینەیە بۆ ڕێکخستنەوە و ڕیفۆرمیی جیددی لە كارەبادا.
سەرۆکوەزیران دووپاتیشی کردەوە کە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، پڕۆژەیەکی نیشتیمانیيە کە خاوەندارێتی بۆ وەزارەتی کارەبایە و بە هێزی کاری خۆماڵی کەرتی گشتی جێبەجێ دەکرێت و چەندین قازانج و سوودی گشتی هەیە لە ڕووی ژینگەیی و تەندروستی، هەروەها خەرجییەکەشی بۆ زۆرینەی خەڵک کەمترە لەو پارەیەی کە هاووڵاتییان بە موەلیدە و پارەی کارەبای نیشتمانی پێکەوە، دەیدەن.
سەرۆکوەزیران داواشی لە هاووڵاتییان کرد کە بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە و بەپێی پێویستیی خۆیان کارەبا بەکاربهێنن و بەفیڕۆی نەدەن، بەو پێیەی بڕی بەکارهێنانی کارەبا، لێرە بە دواوە لەژێر کۆنتڕۆڵی هاووڵاتییان دەبێت و بەپێی بەکارهێنان پارە دەدەن، ئەمەش لەکۆتاییدا هاوکار دەبێت بۆ کەمکردنەوەی تێچووی کارەبا و بەکارهێنانەوەی داهاتی بەدەستهاتوو لە پاڵپشتيی زیاتری هاوبەشانی تۆڕی کارەبای نیشتیمانی و سەرخستنی پرۆژەکە و فراوانکردنی، کە وا بڕیارە تا کۆتایی ساڵی 2026 ، تەواوی هاوبەشانی هەرێمی کوردستان سوودمەند بن لە خزمەتگوزاریی کارەبای بەردەوامی بیست و چوار كاتژمێری.
لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەبڕیارەکەی بە کۆی دەنگ پەسەند کرد و وەزارەتی کارەبای ڕاسپارد بۆ دەرکردنی ڕێنمایيی پێویست بۆ ئاسانکاريی جێبەجێکردنی بڕیارەکە کە هەر بەگوێرەی بڕیارەکە، لیژنەیەکی باڵا لە سەرۆکایەتيی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بە سەرپەرشتيی سەرۆکوەزیران و بەشداریی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیرە پەیوەندیدارەکان پێکهات، بۆ بەدوادچوون و هەڵسانگاندنی بەرەوپێشچوونەکانی پرۆژەکە و سەرخستنی بە ئاراستەی خزمەتکردنی هاووڵاتییان و ڕەچاوکردنی بارودۆخیان بە تایبەتیش کەمدەرامەتان.
لە بڕگەی دووەمدا ، گفتوگۆ لەبارەی ڕاسپاردنی وەزارەتەکان و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە کرا بۆ هاوئاهەنگی و هاریکاری دەستەی هاوبەشی وردبینی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان کە ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی ڕەشنووسی ڕاپۆرتی هاوبەشن لە سەر وردبینی دارایی هەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ بۆ ساڵەکانی 2023 ، 2024 ، 2025 .
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لە بەردەوامبوونی هاریکاری و هاوئاهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ ، لە هەمانکاتدا دووپاتی کردەوە کە دەبێ حکومەتی فیدراڵ وەکوو هەرێمێکی فیدراڵ و قەوارەیەکی دەستووری ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات و ڕێز لە مافە یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت و بەشە بودجەی هەرێم وشایستە داراییەکانی لە بودجەی گشتی فیدراڵ بێ کێشە دابین بکات.
بە تایبەتیش کە هەرێمی کوردستان سەرجەم داواکارییە تەکنیکی و ژمێریاریی و یاساییەکانی حکومەتی فیدڕاڵیی سەبارەت بە لیستی مووچە و خانەنشینیی و تەرازووی پێداچوونەوە و دابینکردنی ژمارەی کەسی بێهاوتا بۆ سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم لە سەرجەم کەرتە جیاوازەکانی خزمەتی وەزیفیی جێبەجێکردووە و هیچ کەموکوڕییەکی تەکنیکی لەم ڕووەوە نەماوە تا بکرێتە بەهانە بۆ ڕاگرتنی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم کە مافێکی یاسایی ڕەوای مووچەخۆرانە و دادگای باڵای فیدڕاڵیش بە ئاشکرا جەختی لەم مافە کردووەتەوە.
|