سەرۆکی فەرەنسا: چیتر دۆخی غەززە قبوڵکراو نییە
4 کاتژمێر پێش ئێستا
26 جار خوێنراوەتەوە
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فڕەنسا ڕایگەیاند، قەیرانی مرۆیی لە کەرتی غەززە قبوڵکراو نییە، هیوادارە بەمزوانە لەگەڵ بنیامین نهتهنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەو بابەتە تاوتوێ بکەن.
ئیمانوێل ماکرۆن لە میانی کۆبونەوەی سەرکردەکانی ئەوروپا لە ئەلبانیا ڕایگهیاند، "بارودۆخی مرۆیی غەززە قبوڵکراو نییە، لە سەرەتای ئەم دۆخەدا دەگەینە ئاستێک کە پێشتر نەمانبینیوە، لەڕوی کاریگەرییە مرۆییهوه".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەولەویەتەکان گەیشتن بە ئاگربەست لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی و دەستپێکردنەوەی هاتنە ناوەوەی هاوکارییە مرۆییەکانە.
ماکرۆن باسی لهوهكردوه، "دەرفەتم دەبێت بۆ ئەوەی لەگەڵ نەتهنیاهۆ لەسەر ئەم بابەتە قسە بکەم، هەروەها ئەم بابەتەشم لەگەڵ سەرۆک ترهمپ وروژاندوە".
لای خۆیەوە، ترەمپ پێشتر ئەمڕۆ ههینی باسی لهوهكردبو، کە "ئێمە چاو لە پرسی غەززە دەکەین، کار بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە دەکەین، خەڵکێکی زۆر لە برسێتی دەمرن".
لە 2ی ئازاری ئهمساڵەوە ئیسرائیل بە توندی هاتنە ناوەوەی یارمەتییە مرۆییەکانی بۆ ناو کەرتی غەززە قەدەغە کردوە کە ژمارەی دانیشتوانی دو ملیۆن و 400 هەزار کەسە، لە 18ی هەمان مانگدا، دوای ئاگربەستی دو مانگە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دەستپێکردەوە، ئەوەش دوای شەڕێک کە لە کەرتی غەززە لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا سەریهەڵدا.
ڤۆڵکێر تورک، کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکان سهركۆنهی توندکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و پاڵنانی بەرەو گۆڕانکارییەکی هەمیشەیی دیمۆگرافی لە خاکەکەدا کرد، کە بە وتەی ناوبراو "پاكتاوی نەتەوەیی"یه.
|