کۆشکی سپی: ترەمپ لە تورکیا لەگەڵ پووتین و زیلینسکی کۆدەبێتەوە

2025-06-03  270 جار خوێنراوەتەوە

کۆشکی سپی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا "ئامادەیە" لەسەر بانگێشتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا چاوی بە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا بکەوێت و لەگەڵیان کۆبێتەوە.
 
رۆژی دووشەممە 02-06-2025 شاندی دانوستاندنکاری رووسیا و ئۆکراینا لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا بۆ جاری دووەم بە شێوەیەکی راستەوخۆ کۆبوونەوە.
 
دوو شاندەکە نەگەیشتنە رێککەوتنی ئاگربەست، هەرچەندە ئۆکراینا داوایکردبوو، بەڵام رێککەوتن کە هەموو ئەو دیلانە بگۆڕنەوە کە تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 25 ساڵە، ئەوانەی بە سەختی نەخۆش یان بریندارن، هەروەها هەر یەکەیان تەرمی شەش هەزار سەرباز بگەڕێنێتەوە.
 
ئەردۆغان خواستی خۆی بۆ میوانداریکردنی ترەمپ بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پووتین و زیلینسکی دووپات کردەوە. سەرۆککۆماری تورکیا وتی، لە ئیستەنبووڵ یان لە ئەنقەرە کۆبوونەوەکە بکرێت.
 
هەمان رۆژ، کارۆلاین لێڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند: "سەرۆک ترەمپ وتوویەتی ئەگەر بابەتەکە بگاتە ئەو قۆناغە، ئەو ئامادەیە، بەڵام ئەو دەیەوێت دوو سەرۆکەکە و دوو شاندەکە پێکەوە بێنە سەر مێزی گفتوگۆ."
 
تاوەکو ئێستا پووتین ئەو جۆرە کۆبوونەوەیەی رەتکردووەتەوە، بەڵام زیلینسکی خواستی خۆی بۆ ئامادەبوون دەربڕیوە و وتوویەتی: "پرسە گەورەکان لە ئاستی سەرکردایەتی چارەسەر دەکرێن."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە