" ئێران دەتوانێت لە 'چەند رۆژێکدا' چەکی ئەتۆم دروستبکات "
12 کاتژمێر پێش ئێستا
410 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هۆشداری لەبارەی توانا ئەتۆمییەکانی ئێران دەدات و دەڵێت، تاران هێندە بڕ لە یۆرانیۆمی پیتاندووە کە دەتوانێت لە ماوەی "چەند رۆژێکدا" چەکێکی ئەتۆمی دروستبکات.
رافایل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی فاینانشیەڵ تایمزی بەریتانی، جەختی لە گرنگیی دەستپێکردنی بەپەلەی دیپلۆماسی لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران کردەوە.
گرۆسی وتی، ئێران بە رێژەی 60% یۆرانیۆمی پیتاندووە، کە ئاستێکی نزیکە لەوەی بتوانێت چەکی ئەتۆمی دروست بکات.
لە کاتێکدا تاران جەخت دەکاتەوە کە پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی بۆ مەبەستی ئاشتیخوازانەیە، سەرۆکی ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە دا کە نەبوونی هاوئاهەنگی لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە بە شێوەیەکی بەرچاو، توانای ئاژانسەکەی بۆ چاودێریکردنی پڕۆگرامەکە کەمکردووەتەوە.
گرۆسی ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمە بەو مانایە نییە کە بۆمبیان هەیە، بەڵام بەو مانایەیە کە ئەگەر بیانەوێت، دەتوانن زۆر بە خێرایی بەرەو دروستکردنی بۆمبێک هەنگاو بنێن."
لەو کاتەوەی ئێران لە ساڵی 2022 پشکنینەکانی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی سنووردار کردووە و ئامێرە سەرەکییەکانی چاودێریکردنی پڕۆسەکەی داخستووە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رووبەڕووی ئاڵنگاریی زیاتر لە چاودێریکردنی پرۆگرامەکە بووەتەوە.
گرۆسی ئاستی ئێستای چاودێریکردنی پرۆگرامەکەی بە "زۆر زۆر سنووردار" ناوبرد، ئەوەش نیگەرانیی لای زلهێزە رۆژئاواییەکان دروست کردووە، کە رەنگە ئامانجە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە بەرەو لایەنی سەربازی بگۆڕدرێن.
ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە، گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیادیان کردووە، ئیسرائیل و ئەمریکا رایانگەیاندووە کە ئێرانێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی جێگەی قبووڵ نییە.
گرۆسی هۆشداریی دا، نابێت بە شێوەیەک بیر بکرێتەوە کە کات لە بەرژەوەندیی کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتییە و گوتی، "ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو توانای خۆی بەرەوپێش بردووە. دەرچەی دیپلۆماسی هێشتا کراوەیە، بەڵام وردە وردە بچووک دەبێتەوە."
بڕیارە ئەنجوومەنی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە کۆتایی ئەم مانگەدا کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئاستی پابەندبوونی ئێران.
مەرجی ئەمریکا بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران، نەبوونی چەکی ئەتۆمی و توانای پیتاندنی یۆرانیۆمە. بەرپرسانی تارانیش رەتی دەکەنەوە دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم ببن.
رۆژی پێنجشەممە، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، وازهێنان لە پیتاندنی یۆرانیۆم "100%" دژی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەیەتی.
|