هەزاران کەس هەوڵدەدەن بە رێپێوان بچنە نێو غەززەو گەمارۆی بشکێنن
3 کاتژمێر پێش ئێستا
19 جار خوێنراوەتەوە
هەزاران چالاکوان کە خەڵکی وڵاتانی جیاجیای سەرانسەری جیهانن، دەیانەوێت بە رێپێوانێک لە میسرەوە بچنە نێو غەززە و گەمارۆی ئیسرائیل لەسەر کەرتەکە بشكێنن.
رێپێوانە 8 رۆژییەکە لەلایەن رێکخراوی نێودەوڵەتیی پرۆگرێسڤ ئینتەرناشناڵەوە رێکخراوە و 15ـی ئەم مانگە لە قاهیرەوە بەرەو رەفەح دەستپێدەکات.
رێکخراوەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "پێویستە دەستبەجێ جینۆسایدی غەززە بوەستێنرێت، گەمارۆی تەواو بخرێتە سەر ئیسرائیل و تۆڕە تووندڕۆکانی ئیسرائیل بایکۆت بکرێن و کۆتایی بە داگیرکاری و دەوڵەتی جیاکاری رەگەزی بهێنرێت."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کاردانەوەی جیهان لە بەرامبەر برسیکردنی خەڵکی غەززە لە لایەن ئیسرائیلەوە "وەک پێویست بەهێز نییە" هەروەها هیوا دەخوازێت، رێپێوانەکەیان ببێتە هۆی ئەوەی هەڵوێستی حکومەتی وڵاتان لە "سەرکۆنەکردنی دڕندەیی ئیسرائیلەوە بگۆڕێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتانەی کە بە هێزەوە وەڵامی پێشێلکردنی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی دەدەنەوە."
چالاکوانان داواش دەکەن ئیسرائیل بایکۆت بکرێت و سزای بخرێتەسەر و چیدیکە وڵاتان چەکی پێ نەدەن.
رێپێوانی بەرەو غەززە دوای ئەوە دێت کە گرێتا تونبێرگ، چالاکوانی بواری کەشوهەوا بە بەلەمێک هاوکارییەوە دەستی بە گەشتێک بەرەو غەززە کرد کە ئەویش دەیەوێت یارمەتیی مرۆیی بگەیێنێتە خەڵکی غەززە.
ئەکتەری بەناوبانگی زنجیرەی گەیم ئەڤ سرۆنز، لیام کەنینگهام و چەندین چالاکوانی دیکە بەشدارن و پێیانوایە ئەوەی ئیسرائیل لە دژی غەززە دەیکات جینۆسایدە و داوا لە جیهان دەکەن، دەنگی بخاتە پاڵ دەنگی چالاکڤانان.
|