حکوومەتی عێراق: هیچ پێشهاتێکی ئەمنی لە ئارادا نییە

2025-06-12  362 جار خوێنراوەتەوە

وتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، بڕیاری کەمکردنەوەی نێردەی دیپلۆماسیی ئەمەریکا پەیوەندی بە پێشهاتی ئەمنییەوە نییە.

سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند "بڕیاری کەمکردنەوەی نێردەی دیپلۆماسی ئەمەریکا لە عێراق پەیوەندی بە خۆیانەوە هەیە، هیچ پێشهاتێکی ئەمنیش لە وڵاتەکەدا، لە ئارادا نییە."

سەباح نوعمان وتیشی: هەموو ئاماژەکان بەو ئاراستەیەن کە دۆخی ئەمنیی عێراق سەقامگیرە، بەگوێرەی ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانیش هیچ هەڕەشەیەک لەسەر نێردە دیپلۆماسییەکان نییە.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە، 11-06-2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا فەرمانی بە کشانەوەی کارمەندە لاوەکییەکانی لە عێراق کرد، هۆیەکەشی بۆ "زیادبوونی گرژییەکانی ناوچەکە و هەڕەشە لەسەر کارمەندانی ئەمەریکی" گەڕاندەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا ئاماژە بەوەش کراوە، کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا ڕێگەیان پێ نادرێت فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بەکار بهێنن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داواش لە هاووڵاتییانی دەکات، کە لە هەر بارودۆخێکدا بێت، گەشت بۆ عێراق نەکەن. 

لە هۆشدارییەکەدا هاتووە: تیرۆر، ڕفاندن، پێکدادانی چەکداری و نائارامیی مەدەنی بە شێوەیەکی بەربڵاو لە سەرتاسەری عێراقدا هەن و توانای حکوومەتی ئەمەریکا بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی فریاکەوتن بە هاووڵاتییانی زۆر سنووردارە.

 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری داوە، دەکرێت هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە شارە گەورەکانی عێراق هەبێت، بیانییەکان، لەنێویاندا کارمەندانی ڕێکخراوە مرۆییەکان و بازرگانان بڕفێنرێن، خۆپێشاندانی کتوپڕ ڕووبدات و مەترسی لەسەر سنوورەکانی باکووری عێراق و مەترسی پێکدادان لەگەڵ گرووپە تیرۆریستییەکان هەیە. 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە