ئەمریکا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات گەشت بۆ عێراق نەکەن
2025-06-12
192 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رێنمایی گەشتکردنی بۆ عێراق نوێکردەوە و گەیاندییە بەرزترین ئاستی مەترسی، کە ئاستی 4ـەو بە واتای قەدەغەکردنی گەشتکردن دێت. هاوکات داوایەکی بەپەلە ئاراستەی هاووڵاتییانی دەکات، کە لە هەر بارودۆخێکدا بێت، گەشت بۆ عێراق نەکەن.
ئەم بڕیارە رۆژێک دوای ئەوە دێت، کە واشنتن رۆژی 11ـی حوزەیران فەرمانی بە کشانەوەی کارمەندە ناپێویستەکانی لە عێراق کرد، هۆکارەکەشی بۆ "زیادبوونی گرژییەکانی ناوچەکە و هەڕەشە لەسەر کارمەندانی ئەمریکی" گەڕاندەوە.
لە هۆشدارییەکەدا هاتووە، "تیرۆر، رفاندن، پێکدادانی چەکداری و نائارامیی مەدەنی" بە شێوەیەکی بەربڵاو لە سەرتاسەری عێراقدا هەن و توانای حکومەتی ئەمریکا بۆ پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی فریاکەوتن بە هاووڵاتییانی "زۆر سنووردارە".
راگەیێندراوەکە جەخت دەکاتەوە: "بە هیچ هۆکارێک گەشت بۆ عێراق مەکەن،" و ئاماژە بە مەترسییەکانی وەک "هێرشی گرووپە تیرۆریستی و یاخیبووەکان، چالاکیی میلیشیا دژە ئەمریکییەکان و خۆپێشاندانی بەربڵاو دەکات"، کە زۆرجار تووندوتیژیی لێدەکەوێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری داوە، کە دەکرێت هێرشی درۆنی لە شارە گەورەکانی عێراق هەبێت، بیانییەکان لەنێویاندا کارمەندانی رێکخراوە مرۆییەکان و بازرگانان بڕفێندرێن، خۆپێشاندانی کتوپڕ رووبدات و مەترسی لەسەر سنوورەکانی باکووری عێراق و مەترسی پێکدادان لەگەڵ گرووپە تیرۆریستییەکان هەیە.
لە هۆشدارییەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، کە کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا رێگەیان پێنادرێت فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بەکاربهێنن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییانەی پشتگیریی رێکخراوە تیرۆریستییەکان بکەن، یان لە ریزەکانیاندا شەڕ بکەن، رووبەڕووی یاسای فیدراڵیی ئەمریکا دەبنەوە، کە سزاکەی زیندانیکردنی درێژخایەن و سزای دارایی قورسە.
|