عێراق کارتێکی بانکیی یەکگرتوو کارا دەکات

8   کاتژمێر پێش ئێستا  470 جار خوێنراوەتەوە

بەگوێرەی نووسراوێکی بانکی ناوەندیی عێراق، لە کۆتایی ئەم ساڵەوە لە چوارچێوەی خزمەتگوزاری پارەدانی ئەلیکترۆنی، پڕۆژەی پێدانی کارتێکی بانکیی نێوخۆیی یەکگرتوو بە هاووڵاتییان دەستپێدەکرێت. بە گوتەی سەرۆکی دامەزراوەی پارەدانی ئەلیکترۆنیی عێراق، پڕۆژەکە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
 
لە نووسراوەکەی بانکی ناوەندیدا هاتووە، "تەکنەلۆژیای EMV لە دروستکردنی کارتەکاندا بەکاردەهێنرێت، کە بە کۆدی BIN کار دەکات و پڕۆژەکە لە ژێر سەرپەشتی بانکی ناوەندیدا دەبێت."
 
لەو بارەیەوە، نەبیل نەجار، سەرۆکی دامەزراوەی پارەدانی ئەلیکترۆنیی عێراق بە میدیاکانی راگەیاند، تەکنەلۆژیای EMV پشت بە چیپێکی زیرەک دەبەستێت کە لەناو کارتەکەدا جێگیرکراوە، جیاوازە لە کارتە کۆنەکان کە تەنیا پشت بە شریتێکی موگناتیسی دەبەستن، ئەم چیپە هەموو مامەڵەکان کۆد دەکات، بەمەش مەترسی ساختەکردن کەم دەبێتەوە."
 
EMV، کورتکراوەی (Europay, MasterCard, and Visa)یـە، نەبیل نەجار وتی: "ئەمە پێوەرێکی جیهانییە، بۆ کارتی پارەدانی زیرەک بەکاردێت، جا کارتی دڵنیایی بێت یان کارتی بانکی، ئامانجیش لێی بەرزکردنەوەی ئاسایشی مامەڵەکانە."
 
لەبارەی سوودەکانی تەکنەلۆژیای EMV سەرۆکی دامەزراوەی پارەدانی ئەلیکترۆنی دەڵێت: "ئەم تەکنەلۆژیایە ساختەکردنی زۆر قورسە و ئەگەر زانیارییەکانیش بدزرێن، ناتوانێت بەکاریبهێنرێت."
 
وەک نەجار دەڵێت، ئامانج لە دەرهێنانی ئەو جۆرە کارتە، "کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە کارتە دەرەکییەکانی وەک، ماستەرکارد و ڤیزا کارد لە نێوخۆدا، بەڵام هیچ کاریگەری لەسەر کارکردنی ئەو کارتانە نابێت و ئەم سیستمە نوێیە تەنیا لە نێوخۆدا کار دەکات."
 
بە وتەی سەرۆکی دامەزراوەی پارەدانی ئەلیکترۆنیی عێراق، "ئەم سیستمە پارێزراوە، چونکە لە رێگەی کۆدی BINـەوە، راستەوخۆ بانکی ناوەندیی عێراق سەرپەرشتی و چاودێریی دەکات."
 
ئەو کارتە نوێیانە بە تایبەتمەندی Contactless کار دەکەن، کە لە رێگەیەوە دەتوانرێت بەبێ بەکارهێنانی ژمارەی نهێنی و تەنیا بە دانانی کارتەکە لەسەر ئامێری وەرگر پارە بدرێت، ئەگەر هاتوو بڕە پارەکە لە 100 هەزار دینار کەمتر بوو.
 
یەکی حوزەیرانى 2023، بانکى ناوەندیى عێراق دەستپێکردنى خزمەتگوزاریى پارەدانى ئەليکترۆنى (POS)ـی لە هەردوو کەرتى تایبەت و گشتى راگەیاند و وتی، "ئامانج لەو بڕیارەی بەهێزکردنى متمانەى پارەدانى ئەلیکترۆنی و سنووردارکردنى مامەڵەى نەختینەییە لە مامەڵەکانى پارەدان و بازرگانی."
 
17ی کانوونى دووەمى 2023، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاری دا لە یەکی حوزەیرانەوە دەست بە کارکردن بکرێت بە سیستمى پارەدانى ئەلیکترۆنى تاوەکو هاووڵاتییان لە رێگەى کارتى بانکییەوە مامەڵە داراییەکانیان لە فەرمانگەى حکومى و کەرتى تایبەت بەڕێبکەن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە