پارێزگاری هەڵەبجە دوو رۆژ ماتەمینیی گشتی راگەیاند

10   کاتژمێر پێش ئێستا  46 جار خوێنراوەتەوە

پارێزگای هەڵەبجە، بەهۆی گیانلەدەستدانی دوو هاووڵآتی لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەدا، دوو رۆژ ماتەمینیی گشتی لە سنووری پارێزگاکە راگەیاند. ئەو دوو هاونیشتمانییەکەی بە "شەهیدی ژینگە" ناوبران. 
 
نوخشە ناسح، پارێزگاری هەڵەبجە، ئەمڕۆ دووشەممە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، پارێزگاکە رووبەڕووی "کارەساتێکی دڵتەزێنی ئاگرکەوتنەوە" بووەتەوە لە ناوچەکانی چنار و مۆردین و نەیجەڵە، کە بەداخەوە بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو هاووڵاتی لەکاتی پاراستنی ژینگەدا.
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی پارێزگاری هەڵەبجە، ئەو دوو هاووڵاتییە "لەپێناو پاراستنی ژینگە و خاکدا گیانیان بەخشی" و وەک رێزێک لە قوربانیدانیان، بە "شەهیدی ژینگەی هەڵەبجە و کوردستان" ناویان براوە.
 
لەبارەی رێکارەکانی ماوەی ماتەمینییەکە، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەسەر سەرجەم دامودەزگا فەرمییەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە بۆ نیوە دادەگیرێت." هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە سەرجەم ئاهەنگ و بۆنە و چالاکییەکی شادی ئامێز رادەگیرێن "وەک رێزێک بۆ رۆحی پاکی شەهیدەکانمان."
 
پارێزگاری هەڵەبجە هاوکات داوا لە هاووڵاتییان دەکات کە لەم وەرزە گەرمەدا تا ئەوپەڕی ئاگاداری رێنماییەکانی خۆپارێزی بن لە مەترسییەکانی ئاگرکەوتنەوە، بۆ ئەوەی گیان و سامانی گشتی و تایبەت پارێزراو بن.
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، نوخشە ناسح پرسە و سەرەخۆشیی "قووڵی خۆی" ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری هەردوو قوربانییەکە کردووە و رایگەیاندووە: "رۆحیان شاد و یادیان هەمیشە بەخێر."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە