پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەکەوێتەوە دوای هەڵبژاردنی عێراق؟

13   کاتژمێر پێش ئێستا  46 جار خوێنراوەتەوە

پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای دەكات ئەو لیژنانەی پارتی و یەكێتی بۆ پێكهێنانی كابینەی 10ی حكومەت پێكهێنراون، لەسەر سەرجەم بنەماكان ڕێككەوتوون و ئومێد هەیە لە داهاتوویەكی نزیكدا حكومەتی نوێ پێكبهێنرێت، بەپێی زانیارییەکانی ٧ڕۆژیش پێکهینانی کابینەی نوێ دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنی عێراق 

مەحموود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یادی دامەزراندنی حزبەكەی رایگەیاند، لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر سەرجەم بنەماكانی كابینەی نوێی هەرێم رێككەوتووین. 

 وتەبێژی پارتی ئاماژەی بەوەشکرد،  پارتی و یەكێتی لیژنەیەكی باڵایان بۆ پرسی پێكهێنانی حكوومەت هەیە و بەردەوامە لە كۆبوونەوەكانی، ئەو لیژنە هاوبەشە لەسەر سەرجەم بنەماكان و دابەشکردنی پوستەکان بۆ حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی كابینەی نوێ رێككەوتوون.

باسی لەوەش كرد ئەوەی ماوە تەنیا وردەكاریی چۆنیەتیی دابەشكردنی پۆستەكانە، ئەویش دەبێت بەشێوەیەك بێت هەموو لایەكمان تێیدا بەشدار بین.
بەپێی بەیاننامەی كۆتا كۆبوونەوەی لیژنەكەی پارتی و یەكێتی، دەبێت مانگی ئەیلوول پەرلەمانی کوردستان كارا بكرێتەوە و كارە یاساییەكانی خۆی راپەڕێنێت.

بەیاننامەكەی ئەو لیژنەیە ئاماژەی بەوە كردبوو، ئومێد هەیە لە داهاتوویەكی نزیكدا كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێكبهێنرێت.

بە پێێ زانیارییەکانی ٧ڕۆژ، پارتی و یەکێتی نیازی ئەوەیان نیە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم پێک بهێنن ئەوەش بە ئامانجی ئەوەی پۆستەکانی بەغدا و هەرێم بە یەک پاکێج لەنێوان یەکتردا دابەش بکەن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە