ئەحمەد شەرع: قۆناغی شۆڕش کۆتاییهات، دابەشکردنی سووریاش مەحاڵە
8 کاتژمێر پێش ئێستا
270 جار خوێنراوەتەوە
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری سووریا، لە وتارێکدا بۆ ژمارەیەک لە کەسایەتییەکانی ئیدلب، نەخشەڕێگای قۆناغی داهاتووی سووریای خستەڕوو و رایگەیاند، قۆناخی شۆڕش کۆتاییهاتووە و دەبێت بە "عەقڵییەتی دەوڵەت" کاربکەن. شەرع دابەشکردنی سووریای بە "مەحاڵ" ناوبرد و پلانی حکومەتەکەی بۆ دۆسیەکانی سوەیدا، هەسەدە، ئابووری و ئاوەدانکردنەوە خستەڕوو.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری سووریا، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شاندێکی باڵای کەسایەتی و ریشسپییەکانی پارێزگای ئیدلب، تیشکی خستە سەر ئەزموونی حوکمڕانی لە ئیدلب لە ساڵانی رابردوودا و بە بنەمایەک بۆ بنیاتنانی سووریای داهاتووی لەقەڵەمدا. شەرع جەختی لەوە کردەوە لێکتێگەیشتن لەنێوان دەسەڵات و گەلدا کلیلی سەرکەوتن بووە و ئێستا پێویستە ئەو ئەزموونە بۆ تەواوی وڵات بگوازرێتەوە.
لە شۆڕشەوە بۆ دەوڵەت؛ گۆڕینی عەقڵییەت
سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری سووریا رایگەیاند، وڵاتەکەی پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە و چیدی کاتی کارکردن بە عەقڵیەتی شۆڕشگێڕی نییە، بەڵکو دەبێت عەقڵیەتی دەوڵەتسازی جێگەی بگرێتەوە.
ئەحمەد شەرع گوتی: "لە سەرەتای گەیشتنمان بە دیمەشق، وتم کە شۆڕش بۆ ئێمە کۆتاییهات. لەوانەیە ئەمە قسەیەکی ناخۆش بێت بۆ هەندێک کەس، بەڵام مەبەستم ئەوەیە کە دەبێت کاروباری دەوڵەت بە عەقڵییەتێکی نوێ و جیاواز بەڕێوەببرێت. عەقڵی دەوڵەت عەقڵێکی شۆڕشگێڕ نییە، بەڵکو عەقڵێکی ئاشتەوایی و بنیاتنانە."
شەرع هۆشداریشی دا لەوەی کە "مەترسیدارترین شت ئەوەیە کە بچین بۆ دابەشکردنی دەسەڵات و دەستکەوتەکان و بڵێین 'ئێمە قوربانیمان داوە و دەبێت هەموو شتێک بۆ ئێمە بێت'. ئەمە عەقڵییەتی دەوڵەتداری نییە." ئەو، جەختی لەوە کردەوە، دەبێت لە زمانی هاندانی تایفەگەری دووربکەونەوە، چونکە بنیاتنانی وڵات پێویستی بە عەقڵییەتێکی کۆکەرەوە هەیە، نەک پەراوێزخستن و تاکڕەوی.
"دابەشکردنی سووریا مەحاڵە"
سەبارەت بەو دەنگۆ و بانگەوازانەی باس لە دابەشکردنی سووریا دەکەن، ئەحمەد شەرع بە تووندی رەتیکردەوە و بە "خەون و نەزانیی سیاسی" ناویبرد.
ئەحمەد شەرع گوتی: "من پێموانییە سووریا مەترسیی دابەشبوونی لەسەر بێت. راستە هەندێک کەس ئارەزووی دابەشکردن و دروستکردنی کانتۆنیان هەیە، بەڵام لە رووی لۆژیکی، سیاسی و عورفییەوە ئەمە مەحاڵە رووبدات. گۆڕینی نەخشەی ئێستای جیهان زۆر قورسە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێگەی پێنادات."
ئەو قسانەی ئەحمەد شەرع لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا حکومەتەکەی دەسەڵاتی بەسەر تەواوی سووریادا نییە.
شەرع روونیکردەوە کە "هەر کەسێک لە سووریا داوای دابەشکردن بکات، یان نەزانیی سیاسیی هەیە یان خەون دەبینێت، چونکە هۆکارەکانی دابەشبوون لە سووریا بوونیان نییە و کۆمەڵگەی سووریاش خۆی دابەشبوون قبووڵ ناکات."
چارەسەری ئاشتییانە بۆ سوەیدا و هەسەدە
ئەحمەد شەرع سیاسەتی حکومەتەکەی بەرامبەر بە دۆخی پارێزگای سوەیدا و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئاشکرا کرد و جەختی لەسەر چارەسەری ئاشتییانە کردەوە.
سەبارەت بە سوەیدا شەرع وتی: "یەکپارچەیی خاکی سووریا و کۆکردنەوەی چەک بە دەستی دەوڵەتەوە دوو هێڵی سوورن". ئاماژەی بەوەشکرد کە ئیسرائیل راستەوخۆ دەستێوەردان لە سوەیدا دەکات بۆ لاوازکردنی دەوڵەت، سیاسەتی ئێستای حکومەت بریتییە لە هێورکردنەوەی دۆخەکە، گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و کارکردن بۆ ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لەنێوان درووز و بەدەوییەکاندا.
سەبارەت بە هەسەدەش شەرع ئاشکرایکرد کە گفتوگۆی چڕ لەنێوانیان بەردەوامە و گوتی: "بۆ یەکەمجار لە 10 ساڵی رابردوودا رێککەوتنێک هەیە کە سووریا، هەسەدە، تورکیا و ئەمریکاش لەسەری کۆکن. ئێمە کار لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنی دەکەین و هەسەدە ئامادەیی خۆی بۆ جێبەجێکردنی دەربڕیوە. ئومێدەوارم لە چەند مانگی داهاتوودا ئەم دۆسیەیە بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێت."
سندووقی گەشەپێدان و وەبەرهێنانی 28 ملیار دۆلاری
ئەحمەد شەرع ئاماژەی بە دۆخی ئابووری وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، وڵاتێکی وێران و بانکێکی بەتاڵیان بە میرات بۆ ماوەتەوە، بەڵام پلانیان بۆ بووژاندنەوەی ئابووری داناوە.
سەرۆکی کاتیی سووریا وتی: "نەمدەویست سووریا لەسەر هاوکاری و قەرزی درێژخایەن بژی کە سەروەریی سیاسیی وڵات دەخاتە مەترسییەوە. بۆیە پشتمان بە توانای سوورییەکان و سەرچاوەکانی سووریا بەستووە و دەرگامان بۆ وەبەرهێنانی بیانی کردووەتەوە."
شەرع ئاشکرایکرد کە "لە ماوەی 7 مانگی رابردوودا، بەهای وەبەرهێنانی راستەوخۆ لە سووریا گەیشتووەتە 28.5 ملیار دۆلار" پێشبینی دەکات تاوەکو کۆتایی ساڵ بگاتە 100 ملیار دۆلار."
راشیگەیاند، بەمزووانە "سندووقی گەشەپێدان" رادەگەیێندرێت کە ئامانج لێی کۆکردنەوەی بەخشینە لە سوورییەکانی ناوخۆ و دەرەوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات و یەکەم کاریشی ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی ناوچە وێرانکراوەکان دەبێت، لەگەڵ پاڵپشتیکردنی کشتوکاڵ و پیشەسازی.
ئاوەدانکردنەوەی ئیدلب لە پێشینەی کارەکانمانە
لە وەڵامی داواکاریی شاندی ئیدلب بۆ ئاوڕدانەوە لە ناوچە رزگارکراوەکانی ئەو پارێزگایە کە بەهۆی شەڕەوە وێران بوون، ئەحمەد شەرع دڵنیایی دایە ئامادەبووان کە ئەم بابەتە لە پێشینەی کارەکانی حکومەت دەبێت.
شەرع گوتی: "یەکێک لە ئامانجە هەرە گرنگەکانی شەڕی رزگارکردن، گەڕانەوەی خەڵک بوو بۆ ماڵەکانیان. ئێمە گەورەترین و مەزنترین دەستکەوتمان بەدەستهێنا، ئەوەی ماوەتەوە ئاسانترە. راستە توانای دروستکردنەوەی هەموو ماڵێکمان نییە، بەڵام ئاوەدانکردنەوەی ژێرخان و گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییەکان بۆ ئەوەی ژیان بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانە، ئامانجی ئێمەیە و پەنا بەخوا بەدی دێت."
ئەحمەد شەرع داوای خۆڕاگری لە هەموو لایەک کرد و رایگەیاند کە بنیاتنانی دەوڵەت پرۆسەیەکی درێژخایەنە و حەوت مانگ بۆ هەڵسەنگاندنی بەس نییە، بەڵکو پێویستی بە کات و هاوکاریی هەموو چین و توێژەکانی گەلی سووریا هەیە.
|