ئیداره‌ی رۆژئاوا: مافه‌كان به مه‌رسومه كاتییه‌كان پارێزراو نابن
1 کاتژمێر پێش ئێستا
17 جار خوێنراوەتەوە
ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی هه‌رێمی باكور و ڕۆژهه‌ڵاتی سوریا (رۆژاڤای كوردستان) سه‌باره‌ت به مه‌رسومه‌كه‌ی ئه‌حمه‌د شه‌رع سه‌رۆكی سوریا بۆ قۆناغی راگوزه‌ر رایده‌گه‌یه‌نێت، مافه‌كان به مه‌رسومه كاتییه‌كان پارێزراو نابن، به‌ڵكو له‌ڕێگه‌ی ده‌ستورێكی دیموكراتیكی ناناوه‌ندییه‌وه ده‌بن و ده‌شڵێت، "ئه‌م مه‌رسومه ڕه‌نگه به هه‌نگاوێكی یه‌كه‌م هه‌ژمار بكرێت، به‌ڵام وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی خواست و ئومێده‌كانی گه‌لی سوریا نییه".
ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دیموكراتیكی هه‌رێمی باكور و ڕۆژهه‌ڵاتی سوریا، له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا سه‌باره‌ت به مه‌رسومه‌كه‌ی ئه‌حمه‌د شه‌رع بڵاویكرده‌وه، "ئێمه له ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دیموكراتیكی هه‌رێمی باكور و ڕۆژهه‌ڵاتی سوریا به‌دواداچونمان كرد بۆ ئه‌و مه‌رسومه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌حمه‌د شه‌رع ده‌رچوه و په‌یوه‌ندیداره به مافه‌كانی گه‌لی كورد له سوریا، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی جه‌ختده‌كاته‌وه كه مافه‌كان به مه‌رسومه كاتییه‌كان پارێزراو نابن، به‌ڵكو له ڕێگه‌ی ده‌ستوره هه‌میشه‌ییه‌كانه‌وه ده‌پارێزرێن، كه گوزارشت له ئیراده‌ی گه‌لان و سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان ده‌كه‌ن.
ئاماژه‌ی بهوهشكردوه، "ده‌ركردنی هه‌ر مه‌رسومێك، نیه‌ته‌كه‌ی هه‌رچییه‌ك بێت، ناتوانێت ده‌سته‌به‌رێكی ڕاسته‌قینه بێت بۆ مافی پێكهاته‌كانی سوریا، ئه‌گه‌ر به‌شێك نه‌بێت له چوارچێوه‌یه‌كی ده‌ستوریی گشتگیر كه دان به مافی هه‌مواندا بنێت و بیپارێزێت به‌بێ جیاوازی،له‌م ڕوانگه‌یه‌وه، ئێمه له ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی، وه‌ك چۆن به ڕونی له په‌یماننامه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دیموكراتیك‌دا هاتوه، جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه له‌سه‌ر پێویستیی داڕشتنی ده‌ستورێكی دیموكراتیكی فره‌یی، كه مافی هه‌مو پێكهاته، كۆمه‌ڵگه و باوه‌ڕه سورییه‌كان بپارێزێت، به‌و پێیه‌ی ئه‌م فره‌ییه سه‌رچاوه‌ی هێز و جوانیی ڕاسته‌قینه‌ی سوریایه".
ئه‌وه‌شیخستۆته‌ڕو، "ئه‌م مه‌رسومه ڕه‌نگه به هه‌نگاوێكی یه‌كه‌م هه‌ژمار بكرێت، به‌ڵام وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی خواست و ئومێده‌كانی گه‌لی سوریا نییه، كه قوربانیی گه‌وره‌ی داوه و شۆڕشێكی ڕاسته‌قینه‌ی كردوه بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه ڕه‌واكانی، و بنیادنانی ده‌وڵه‌تێكی دیموكراتیك كه هه‌موان تێیدا به ژیانێكی ئازاد و به شكۆ كه له‌سه‌ر بنه‌مای دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی بژین".
ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی ئاشكراشیكردوه، "چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی بۆ پرسی ماف و ئازادییه‌كان له سوریا له دیالۆگێكی نیشتمانیی گشتگیر و ده‌ستورێكی دیموكراتیكی ناناوهندیدایه كه هاوبه‌شیی ڕاسته‌قینه‌ی نێوان هه‌مو سورییه‌كان مسۆگه‌ر بكات، و بنه‌ماكانی ده‌وڵه‌تی هاوڵاتیبون و دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی دابنێت".
|