رێباز حەملان: بەغدا لە سێ ساڵدا 7 موچەی بۆ هەرێم نەناردووە

1     کاتژمێر پێش ئێستا  163 جار خوێنراوەتەوە

یاریدەدەری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، پەسەند كردنی سێ‌ بودجە 2023 2024 2025 لە پەرلەمانی عێراق لە حكومەتەكەی محەمەد شیاع سودانی، دەرئەنجامی زۆر خراپی هەبوو بۆ هەرێمی كوردستان.

رێباز حەملان، یاریدەدەری مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە ٧ڕۆژی راگەیاند، "لە ساڵی 2023 دەبوایە 12 موچە بۆ هەرێمی كوردستان بهاتایە ئەوان لەو ساڵەدا تەنها 4 ترلیۆن و 698 ملیار دیناریان ناردووە".

وتیشی، "ئەو بڕە پارەیەی حكومەتی بەغدا لە ساڵی 2023 بۆ هەرێمی ناردووە دەكاتە موچەی 5 مانگ و لەساڵی 2023 تەنها 9 موچە بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دابەشكراوە، واتا 4 موچەیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان دابەشكراوە".

رێباز حەملان ئاشكراشیكرد، "چەندین ساڵە بەشێك لەبودجەی گشتی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان سەرف نەكراوە و ئەگەر كورد یەكگرتووبونایە لەبەغدا و شەڕیان لەسەر قوتی خەڵكی هەرێمی كوردستان بكردایە بەشی هەرێمی كوردستان نەدەخورا".

یاریدەدەری مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاند، "لەساڵی 2024 دەبوایە حكومەتی بەغدا 10 ترلیۆن و 709 ملیار دینار بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بنێرێت بەڵام ئەوان 10 ترلیۆن و 26 ملیاریان نارد كە دەكاتە پارەی 10 مانگی موچەخۆران".

رونیشیكردەوە، "لەساڵی 2024 یەك موچە فەوتا بەڵام خۆی دوو موچە فەوتاوە و موچەیەكیان بەداهاتی ناوخۆ داومانە".

رێباز حەملان دەشڵێت، "حكومەتی بەغدا لە ساڵی 2023 سێ‌ موچەیان نەناردووە، لەساڵی 2024 دوو موچەیان نەناردووە، ئەوە دەكاتە 5 موچە لە ساڵی 2025 دوو موچەیان نەنارد ئەوە 7 موچە".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە