عێراق زیاتر لە 186 تریلیۆن دینار قەرزاری ناوخۆ و دەرەویە

1     کاتژمێر پێش ئێستا  18 جار خوێنراوەتەوە

قەرزی دەرەکیی عێراق گەیشتووەتە زیاتر لە 53 ملیار دۆلار (زیاتر لە 80 تریلیۆن دینار)، قەرزە ناوخۆییەکانیشی 106 تریلیۆن دیناری تێپەڕاندووە، پسپۆڕێکی ئابووریش دەڵێت، یاسایەک نییە لە عێراق کە پاڵپشتی قەرزی دەرەکی بێت و پێویستە لە یاساى بودجەدا جێگەى بکرێتەوە.

پێنوێنی ئابووری مانگانەکانی بانکی ناوەندیی عێراق دەریانخستووە، تا سەرەتای مانگی نیسانی رابردوو، قەرزی دەرەکیی عێراق 53.4 ملیار دۆلار بووە (زیاتر لە 80 تریلیۆن دینار)، هەروەها قەرزە ناوخۆییەکانیشی تاوەکو کۆتایی حوزەیرانی ئەمساڵ گەیشتووەتە 106 تریلیۆن دینار، بەمەش ئێستا حکومەتی عێراق بە هەردوو جۆری قەرزەکە زیاتر لە 186 تریلیۆن دینار قەرزدارە.

لە خشتەی پێنوێنییەکەدا، لە مانگەکانی نیسان تاوەکو حوزەیران هیچ گۆڕانکارییەکی نوێ بەسەر بڕی قەرزەکەدا نەهاتووە.

پێنوێنی ئابووری (Economic Indicator) بریتییە لە داتایەکی ئاماری یان زانیارییەکی ئابووری کە بۆ پێوانەکردنی بارودۆخی ئێستای ئابووری و پێشبینیکردنی ئاڕاستەی ئابووری لە داهاتوودا بەکاردێت.

مەنار عوبەیدی، سەرۆکی دامەزراوەی ئایندەی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "عێراق لەو ماوەیەدا قەرزی نوێی لە دەرەوە نەکردووە".

قەرزە نێوخۆییەکانی عێراق لە هەمان ماوەدا گەیشتووەتە 106 تریلیۆن دینار، بەرزبوونەوەی بڕی قەرزى نێوخۆیی و دەرەکى عێراق پەیوەستە بە دۆخی دارایی و کەمبوونەوەی داهات بۆ نزیکەی 20%ـی بڕی پێشووی داهاتی نەوتی و نانەوتی.

مەنار عوبەیدی وتی، یاسایەکی تایبەت بە قەرزی دەرەکی لە عێراق نییە و یەکێک لە هۆکارەکانی نەبوونی قەرزی نوێی دەرەکی ئەوە بووە کە ئەو پرسە پێویستە لەنێو یاسای بودجەی گشتیی عێراقدا جێگەی بکرێتەوە، ئەگەر نیەتێک هەبێت بۆ ئەو جۆرە قەرزە.

ئەم ساڵ عێراق یاسای بودجەی نەبووە و بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی ساڵى داهاتوو بگاتە پەرلەمان بۆ پەسەندکردنی.

 بۆ ئەوەی حکومەت دەستکراوە بێت لە قەرزکردن، پڕۆژەیاسایەکیان ناردووە بۆ پەرلەمان بە ناوی "قەرزی دەرەکی" کە دەسەڵات بە وەزیری دارایی دەدات تاوەکو دوو تریلیۆن دینار و سەرۆکوەزیرانیش تاوەکو 5 تریلیۆن دینار قەرزی دەرەکی بکات.

ئەو قەرزەی کە عێراق لە دەرەوە وەریدەگرێت، وەک خەرجیی وەبەرهێنان بەکاری دەهێنێت و بۆ بودجەی بەکارخستن بەکارناهێنرێت. 

بەگوێرەی ڕاپۆرتی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ خەرجی و داهاتی پێنج مانگی یەکەمی ئەم ساڵ، خەرجیی وەبەرهێنان تەنیا 3.4%ـی تەواوی خەرجییەکان بووە، ئەوەش بەهۆی کەمبوونەوەی داهات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە