حکومەتی عێراق ڕێگای نوێ بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی دەدۆزێتەوە

59   خولەک پێش ئێستا  41 جار خوێنراوەتەوە

حکوومەتی عێراق بەدوای ڕێگەی نوێدا دەگەڕێت بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی و کار لەسەر چەند پڕۆژەیەکی ستراتیژیی بۆریی نەوت دەکات ئەوەش بۆ پاراستنی ئاسایشی ئابووریی وڵات و دەربازبوون لە مەترسییەکانی داخستنی گەرووی هورمز.

حکومەتی عێراق کار بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەی گەرووی هورمز دەکات و هێڵە ستراتیژییەکانی هەناردەکردنی نەوت چالاک دەکاتەوە. ئامانجی سەرەکیی بەغدا ئەوەیە تۆڕی بۆرییەکانی نەوت بەرەو دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور پەرە پێبدات، چونکە لە ئێستادا 95%ـی نەوتی عێراق لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە ڕەوانەی دەرەوە دەکرێت، ئەمەش مەترسییەکی گەورە لەسەر داهاتی وڵات دروست دەکات لە کاتی دروستبوونی هەر قەیرانێکدا.

وەک دەستپێکی ئەم پلانە ستراتیژییە، کار لەسەر هێڵی نەوتی "بەسرە - حەدیسە" دەکرێت؛ درێژیی ئەم هێڵە 700 کیلۆمەترە و توانای هەناردەکردنی 2 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا هەیە. تێچووی گشتیی پڕۆژەکە بە 5 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، بۆ ئەم مەبەستەش حکوومەت بڕی یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری وەک بودجەی قۆناغی یەکەم تەرخان کردووە. دوای تەواوبوونی، وێستگەی حەدیسە دەبێتە ناوەندێکی سەرەکی بۆ دابەشکردنی نەوت بەرەو 3 ئاراستەی جیاواز:

بەندەری عەقەبە لە ئوردن (بە توانای 1 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا).

بەندەری بانیاس لە سووریا.

بەندەری جەیهان لە تورکیا.

پڕۆژەی دووەم (کەرکووک - بانیاس): لە لایەکی دیکەوە، عێراق و سووریا بە چاودێرییەکی نێودەوڵەتی ڕێککەوتوون لەسەر نۆژەنکردنەوەی هێڵی کەرکووک – بانیاس. درێژیی ئەم هێڵە 800 کیلۆمەترە و بڕیارە لە ماوەی 36 مانگدا کارەکانی تەواو بکرێن. ئەم هێڵە توانای هەناردەکردنی 2 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی بۆ سەر کەناراوەکانی سووریا لە دەریای ناوەڕاست دەبێت، و تێچووی ئەم پرۆژەیەش لە نێوان 4 بۆ 8 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

ئەم جووڵە نوێیانەی وەزارەتی نەوت دوای ئەوە دێت کە ساڵانێکی زۆر ئەم هێڵە وشکانییانە بەهۆی کێشەی ئەمنی و سیاسییەوە پەکیان کەوتبوو. ئامانجی سەرەکیی عێراق کەمکردنەوەی مەترسییەکانە لەسەر ئابووریی وڵات، تاوەکوو ئەگەر گەرووی هورمز بە هەر هۆکارێکی کتوپڕ داخرا، عێراق بتوانێت بەردەوام بێت لە فرۆشتنی نەوت و داهاتی نیشتمانی دووچاری زیانی کوشندە نەبێت وەک ئەوەی ئێستا ڕوو دەدات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە