وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی بەرهەمهێنانی بەنزین هاتە دەنگ

1     کاتژمێر پێش ئێستا  213 جار خوێنراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە باس لەوە دەکەن وڵاتانی دراوسێ نەوتی رەشی عێراق دەکەنە بەنزین و بە وڵاتەکەی دەفرۆشنەوە؛ دەشڵێت، "تێکەڵکردنی جۆرەکانی سووتەمەنی رێکارێکی زانستییە لە پاڵاوگەکاندا."

سەلیم روکابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، رۆژی شەممە، بە رووداوی راگەیاندووە: "پرۆسەی هەناردە و هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان تەنیا لە رێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) و بەپێی رێنمایی و میکانیزمە فەرمییەکان ئەنجام دەدرێ."

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە تێکەڵکردنی بەنزینی نۆرماڵ و (موحەسەن) بۆ فرۆشتنی بە نرخێکی بەرزتر دەکەن، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، تێکەڵکردنی پێکهاتەکان تەنیا لەنێو پاڵاوگەکان و بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتیی بەرهەمەکانە. 

سەلیم روکابی ئاماژەی بەوەکرد: "تێکەڵکردنەکە رێکارێکی تەکنیکییە بۆ چارەسەرکردنی بەرهەمی نەفتا و باشترکردنی تایبەتمەندییەکانی تاوەکو ببێتە بەنزینێکی گونجاو بەپێی ستانداردە عێراقییەکان؛" ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو بەرهەمە نەوتییەکان لە لایەن حکومەتەوە پاڵپشتیی دارایی دەکرێن و نرخیان لە زۆربەی وڵاتانی دراوسێ و جیهان هەرزانترە.

وتەبێژەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق روونیکردەوە ئەم میکانیزمە لەسەر بنەمای کێبڕکێ لەنێوان کۆمپانیاکانە بۆ دەستەبەرکردنی باشترین نرخ و ئاماژەی بەوەشکرد: "فرۆشتن و کڕین بەو شێوازەی کە باسی لێوە دەکرێ، ئەنجام نادرێ."

ئەم روونکردنەوەیەی وەزارەتی نەوتی عێراق لە کاتێکدایە، فورات مووسەوی، سەرۆکی ناوەندی وزەی عێراق رایگەیاندبوو کە ئیمارات نەوتی رەشی عێراق هاوردە دەکات و دوای گۆڕینی بۆ بەنزین، بە عێراقی دەفرۆشێتەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە